پەندی پێشینان تا چەند پەندی پێداوین؟
ڕەنگین مەلا سەمەد
14/08/2025
879 جار خوێنراوەتەوە
پەندی پێشینان سەروەت و دەستکەوتێکی ڕەسەن و پەسەندی لەبنەهاتووی کلتووری کۆمەڵگای کوردییە.
ڕێنووینییەکە ئاراستەمان دەکات بۆ تێگەیشتن و کامڵبوون.
باوو باپیران بە ئەزموون، ماندووبوون تا ئەم کلتوورەیان بوونیادناو بوو بە دەستکەوت و سەروەتێکی کلتووری و نەتەوەیی بۆمان.
ئەو سەروەتەی کە هەر تاکێک بیەوێت، بیرو هزرو هەناوی ڕۆحی پێ دەوڵەمەند دەکات و هەژاریی نەزانیی پێ لەبن دێنێ.
پاراستنی ئەم کلتوورە وادەکات سنوور نەبەزێنین لە ئاست یاساو ڕێساو داب و نەریتە کۆن و بە بەهاکان.
نابێت لە ژێر پەردەی گوێنەدان و وەلانان، ئەم کلتوورە پەنهان بکەین.
فێربوونێکی بێمنەتەو هەموو جوانییەکانی ژیانی لێ شۆڕدەبێتەوە، وانەیەکە فێرمان دەکات چۆن بدوێین و هەڵسوکەوتکەین و گوێ بگرین و ڕاستبینبین و ڕاستبینەوە.
کورت و پوخت و نەستەق و ڕەوانە بەڵام دونیایەکی فراوانە لە هۆشیارکردنەوەو عاقڵبوون
ڕێنماییەکی نەرمونیانە بە ناڕاستەوخۆ گوێیە نائاگاکان وەئاگادێنێتەوە.
ئەم سەروەتە کلتوورییە لە هزرێکی ڕۆشن و تەندروست و فرەزان و ئەزمووندارەوە کۆکراوەتەوە پێی دەوترێت (پەند گێڕەوان)، هەدوو ڕەگەز پێکەوە لە ڕۆژگارێکی پڕ لە قەدرو قیمەت پێکیانەوە ناوە.
هەڵقووڵاوی واتایەکی قووڵ و بێ گرێ و گۆڵە.
ئەو خەرمانە ئەدەبییەیە کە هەر مەڵۆیەکی، بەری ڕەنج و ماندووبوونی پیاوو ژنە بەتەمەنەکانمانە.
هەر پەندێک بە ڕێ و جێیەک، هەڵگری پەیامێکە
کاتێک پەندێک دەوترێتەوەو بەر گوێمان دەکەوێت، مچوڕکەی هۆشیاری و ئاگایی و داناییمان پیادێت،
پەروەردەیەکە لە لاڕێیی و ملهوڕی لاماندەدات.
دەربڕینێکی ساکارە! بەڵام ئامانج و بەرهەمدارە
کورت پووختە لە دەربڕین ! بەڵام لێکدانەوەیەکی بەحەوسەڵەیە، مەبەستەکان قووڵ ئەپێکێ.
یادگارییەکی ڕەسەن و نرخداری کوردە، خوێندەوارو نەخوێندەوار، هەژارو زەنگین، وتەی بەردەوامی سەر زاریانە، بناغەی ژیرییەکی بۆماوەییەو بووەتە پایەیەکی بەهێزی ئەدەبی کوردی.
گەرچی قسەی پێشینانەو موودەیەکە وتراوە، بەڵام ڕوون و ڕەوان لەگەڵ کێشەو ئاریشەکانی ڕۆژانە ئەوترێنەوە.
ئەمەیە دەستکەوت و سەروەت و ئەدەبی نەتەوەییمان
کورت و پوخت و بێ گرێ و گۆڵ، بەڵام لێکدانەوەیەکی درێژی پڕ حیکمەت و عیبرەت.
وانەیەکی بێمنەت و دونیایەک پەندو عیبرەت!
|
هەموو وتارەکانی
ڕەنگین مەلا سەمەد