پارتی و یەکێتی بۆ رێکناکەون؟

عارف قوربانی 15/08/2025   434 جار خوێنراوەتەوە

ساڵى رابردوو لە گەرماوگەرمى راگەیاندنى ئەنجامەکانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە مانگی ئۆکتۆبەر لەدیدارێکى تەلەڤزیۆنیدا مەترسى ئەوەم خستەڕوو کە دەرئەنجامى هەڵبژاردنەکان و دابەشبوونى کورسییەکان بەسەر هێزە بەشدارەکانى هەڵبژاردن بەجۆرێکە یارمەتیدەر نییە بە ئاسانى بتواندرێت کوردستان لەو چەقبەستوییە سیاسییەى بەهۆى ناکۆکیی نێوان پارتى و یەکێتییەوە تێیکەوتووە، دەرباز بکات. بۆیە باوەڕم وابوو پارتى و یەکێتی دروستکردنى کابینەى تازەى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەبەستنەوە بە هەڵبژاردنەکانى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراقەوە کە بڕیارە لە مانگى یازدەى ساڵى 2025 ئەنجام بدرێت، بەوەش پێکهێنانى کابینەى دەیەمى هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ناو ساڵى 2026ـەوە.
 
لەبەر ئەوەى سێ لیستى براوە (پارتى، یەکێتی، نەوەى نوێ) زۆر زوو هەریەکە و پڕۆژە و مەرجى خۆى بۆ جۆرى پێکهێنانى حکومەت خستەڕوو، کەم کەس لایەنگریى ئەو بۆچوونە بوون کە پێکهێنانى کابینەى دەیەم بەو ئەندازەیە دوا بکەوێت. چاوەڕوان دەکرا ئەم سێ هێزە یان دووان لەمان و چەند فراکسیۆنێکى بچووک بتوانن کابینە پێکبهێنن. بەتایبەتیش بەهۆى ئەوەى دواى چەند مانگێک دواخستن توواندرا یەکەم کۆبوونەوەى پەرلەمان ئەنجام بدرێت و بەدواى ئەویشدا لەسەر ئاستى باڵا هەردوو حیزبى سەرەکى یەکێتى و پارتى لیژنەیان دروستکرد بۆ ئامادەکارییەکانى پێکهێنانى کابینەى دەیەم، بەڵام هەر ئەوکاتیش ئاماژەکان روون بوون کە ناتوانن بەسەر کێشە و ناکۆکییەکانیاندا زاڵ بن و کۆبوونەوە یەک لەدواى یەکەکانیشیان بۆ ئەوە بوو یارى بەکات بکەن، تاوەکو دەگەنە وادەیەک بەهۆى نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، کاتى ئەوەیان نەبێت خۆیان بە پێکهێنانى کابینەى تازەى حکومەتى هەرێمەوە سەرقاڵ بکەن.
 
ئێستا گەیشتووین بەو کاتە وا 10 مانگ بەسەر هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان تێدەپەڕێت، جگە لە هەندێ لێدوانى میدیایى، هیچ هەنگاوێکى کردارى نابیندرێت بۆ ئەوەى هەرێمى کوردستان بتوانێت حکومەتێکى نوێ دروست بکات، لەکاتێکدا حکومەت و سەرۆکایەتیی هەرێم، بەبێ هیچ یاسا و بڕیارێکى پەرلەمان، یان بێ کۆدەنگییەکى هێزە سیاسییەکان، چوار ساڵە تەمەنى خۆیان درێژ دەکەنەوە. 
 
بۆ دەربازبوون لەو چەقبەستووییە سیاسی و ئیدارییەى هەرێمی کوردستان چەند مانگێک لەمەوبەر لە وتارێکدا لە رووداو پێشنیازى ئەوەم کرد کە لەگەڵ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لە کۆتایى ئەم ساڵ، هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانى کوردستانیش ئەنجام بدرێتەوە، چونکە ناکرێت ئەم دامەزراوە گرنگەى هەرێمی کوردستان بە پەکخراوی بمێنێتەوە. سەربارى ئەوەى هەندێ لە فراکسیۆنەکانى پەرلەمانیش هەمان پێشنیازیان کردەوە و لە دادگەى باڵاى فیدراڵیش سکاڵا تۆمارکرا بۆ هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان و ناچارکردنى هەرێمی کوردستان بە سەرلەنوێ ئەنجامدانەوەى هەڵبژاردن، بەڵام ئەنجامەکەى هیچى لێ شین نەبوو، چونکە ئاشکرایە دادگەى فیدراڵى بڕیارێک نادات لە رووى ستراتیجییەوە لە بەرژەوەندیى هەرێمى کوردستان بێت، ئەوان پێیان خۆشە دۆخى کوردستان بەمجۆرە بمێنێتەوە و دامەزراوەکانى هەرێمی کوردستان شەرعیەتى یاسایى و دەستووری و جەماوەرى لەدەست بدەن.
 
ئەوەى لێرەدا دەمەوێت بیڵێم مەترسییەکى دیکەیە، نوقڵانەى دۆخێکى خراپ و مەترسیدارترە بۆ داهاتووى حوکمڕانیی خۆماڵى لە باشوورى کوردستان. لەکاتێکدا لەدواى لاوازبوونى ئێران و رووخاندنى رژێمى سووریا و لەو ئەگەر و پێشهاتانەى چاوەڕوان دەکرێت لە ناوچەکە رووبدەن، بۆ کورد وەک نەتەوە ئاسۆی خۆرێکى گەش لە هەڵاتندایە، بەڵام ئەوەى مایەى هەڵوەستە لەسەرکردن و گرفت و لەمپەرى بەردەم هەر دەستکەوتێکیشە بۆ کورد، مانەوەى هەرێمى کوردستانە لەناو ئەم بازنە چەقبەستووەدا. 
 
ئەوەى چاوەڕوان دەکرا وەک ئەگەرێکى ناچاری، پێکهێنانى حکومەتى نوێ لە هەرێمی کوردستان ببەسترێتەوە بە دەرئەنجامەکانى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراقەوە، ئەو ئەگەرەش بەرەو مرداربوونەوە دەڕوات. ئەگەر پارتى و یەکێتی رێگەى رێککەوتنێکى دیکەى هاوشێوەى رێککەوتنى ستراتیژى نەگرنەبەر، بەدڵنیاییەوە پێتان دەڵێم هەڵبژاردنى عێراقیش تەواو دەبێت و کابینەى تازە لە بەغداش پێکدێت و هەرێمى کوردستان وەک خۆى دەمێنێتەوە. نەدەتوانن پەرلەمان بەگەڕ بخەنەوە، نە دەشتوانن کابینەى نوێى هەرێمى کوردستان پێکبهێنن. بەوەش هیچ مانایەک بۆ هەڵبژاردن و شەرعیەتى حوکمڕانى نامێنێتەوە. 
 
لێرەدا پرسیارى جەوهەرى ئەوەیە پارتى و یەکێتى بۆ رێک ناکەون؟ لەکاتێکدا مەحکوومن بەوەى پێکەوەبن، چارەنووسى خۆیان و هەرێمەکەش بەستراوە بە جۆرى مامەڵەیانەوە لەگەڵ یەکدی، ئایا هەر بەڕاستى گرفتێکى هێندە گەورە هەیە نەتوانن چارەسەرى بۆ بدۆزنەوە؟ لەکاتێکدا پێشتر و لە چەند قۆناخێکى زۆر خراپى پەیوەندیی نێوانیاندا، تەنانەت ئەوکاتانەى دەستیان لە خوێنى یەکدیشدا بوو، توانیویانە بەسەر ئاستەنگەکاندا زاڵ بن. ئێستا بۆ ناتوانن ناکۆکییەکان تێپەڕێنن؟ لەکاتێکدا بە ئەزموونیش بۆیان دەرکەوتووە لە هەر پێکەوەبوونێکیاندا هەم خۆیان قازانجیان کردووە و هەم گەلى کوردستانیش. لە پێچەوانەکەشى خۆیان و خەڵکى کوردستانیش زیانمەند بوون. 
 
جاران مام جەلال و کاک مەسعود دەیانتوانى بە سازشکردن بۆ یەکدی، یاخود سازشى یەکێکیان بۆ ئەوى دىکە، ناکۆکییەکان وەلا بنێن، بەڵام پارتى و یەکێتى ئێستا جیاوازن و پێناچێت هیچ کامیان سازش بۆ ئەوى دیکەیان بکات، یان ئامادەى سازشکردن بن بۆ یەکدی. سەربارى ئەوەى کە کێشەکانى ئێستا بەراورد بە رابردوو زۆر سادەن، بەڵام هیواکانى گەیشتن بە رێککەوتن و ئەگەرەکانى تێپەڕاندنیان لاوازن. بەردەوامبوونى ئەم ناکۆکییانەش دواجار رەنگە سەرى هەرێمی کوردستان و قەوارەکەشى بخوات. 
 
بێگومان کێشەو ناکۆکیشیان لەسەر دەسەڵاتە، لە خولى پێشووى رێککەوتنى ستراتیژى وا رێککەوتبوون پشکى شێرى بەشى کورد لە دەسەڵاتى بەغدا لاى یەکێتى بێت و هەرێمی کوردستان بۆ پارتى، بەڵام دواى لاوازبوونى پێگەى کورد لە بەغدا، یەکێتی هەستى بەوە دەکرد لە هەرێمى کوردستان فەرامۆشکراوە و داواى راگرتنى هاوسەنگى دەکرد. پارتیش ئەمەى رەتدەکردەوە و ئامادەى ئەوە نەبوو سازش بۆ بەرانبەرەکەى بکات، بەهۆیەوە ناکۆکى و ململانێکانیان گەیشتە دەستبادان و هەوڵى دەستشکاندنى یەکدی. لاوازبوونى کورد و ئەو گورزانەى لە بەغداوە بەر هەرێمى کوردستان کەوتن، هەمووى دەرئەنجامى ئەو ململانێ و ناکۆکییانەى نێوان ئەم دوو حیزبە بوون. 
 
سەیر بکەن، ئەوکاتەى رێککەوتنى ستراتیژییان هەبوو، پێگەى کورد لەچى ئاستێکدا بوو. ئێستا ببینن بەهۆى ناکۆکیی ئەمانەوە گەیشت بە کوێ. جا با ئەوە بهێنینە پێشچاوى خۆمان ئێستا بەم پێگە لاوازە و بەم دۆخە خراپەوە، ئەگەر ناکۆکیى و دەستشکانى یەکدییان بەردەوام بێت، چوار ساڵی دیکە چی بۆ کورد دەمێنێتەوە؟
 
دڵنیایى و متمانە گرنگن بۆ پەیوەندیی تەندروستى سیاسى. پارتى و یەکێتی نە متمانەیان بەیەکدی ماوە و نە بە ئاسانیش دڵنیایى لەنێوانیان دروست دەبێتەوە. چارەسەر ئەوەیە بەجۆرێکى دیکە لە دابەشکردنەوەى پۆستەکان و ئاڵوگۆڕى هەندێ لەو پۆستانەى نێوان هەولێر و بەغدا لەنێوان خۆیاندا، بەجۆرێک کە هەردوولا هەست بەوە بکەن لە بەغدا و لە هەولێر جۆرێک لە هاوسەنگى لە پشک و پۆستەکاندا هەیە. رەنگە بۆ دۆخێکى وەک ئێستا تا ئەندازەیەک یارمەتیدەربێت لە تێپەڕاندنى ناکۆکییەکان. ئەوکات پارتى نیگەرانى ئەوەى نامێنێت کە یەکێتی دەسەڵات لە بەغدا لەدژى بەکاردەهێنێت و یەکێتیش نیگەرانى ئەوە نابێت لە هەرێمی کوردستان هاوبەش نییە لە دەسەڵات. دەشبێتە زەمینەخۆشکەرى هەلومەرجێک کە بتوانن رێککەوتنێکى درێژمەوداتر بکەن. 
 
ئەگەر ئەمە نەکەن، ناتوانن بە پینەوپەڕۆ سەختییەکانى قۆناخەکانى داهاتوو تێپەڕێنن. بەهۆى ئەوەشەوە کە کێشەى کورد و وێناو رەوایەتیی مەسەلەى کوردیشیان وابەستەى خۆیان کردووە، لاوازبوونى پێگە و بێهێزیى ئەوانیش راستەوخۆ رەنگدانەوەى لەسەر پرسە نەتەوەیى و نیشتمانییەکانى میللـەتەکەمان هەیە. بۆیە سەربارى هەموو خراپەکارییەکانیان، تاوەکو ئەوکاتەى ئەم قۆناخى راگوزەرە تێدەپەڕێنین، دەبێت پەرۆشى بە بەهێزى مانەوەى ئەم بزووتنەوە سیاسییە بین کە پێى دەگوترێت بزووتنەوەى سیاسیی کورد لە باشوورى کوردستان. دڵنیایى بەهێزى بزووتنەوەکەش بەستراوە بە پێکەوەبوونى پارتى و یەکێتییەوە.