لێدوانی حەماس لەبارەی ئاگربەست: وەڵامێکی ئەرێنیمان پێشکەش کرد

2025-07-05  298 جار خوێنراوەتەوە

بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، لەسەر میکانیزمی جێبەجێکردنی دوایین پێشنیازی نێوەندگیران بۆ ئاگربەست لە غەززە، ئامادەیە "دەستبەجێ" بچێتە ناو دانوستاندنەکانەوە. ئەوەش لە کاتێکدایە کە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی 21 مانگی چڕبوونەتەوە، نەتەنیاهووش خۆی بۆ سەردانێکی چارەنووسساز بۆ واشنتن ئامادە دەکات.
 
رۆژی هەینی بزووتنەوەکە لە راگەیێندراوێکدا لە تەلەگرام نووسی، "بزووتنەوەکە وەڵامێکی ئەرێنیی پێشکێشی نێوەندگیران کردووە و بە تەواوی ئامادەیە دەستبەجێ بچێتە نێو دانوستاندنەکان."
 
ئەم هەنگاوەی حەماس دوای ئەوە دێت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوای لێکرد "دەرفەتەکە بقۆزێتەوە" بۆ ئاگربەستێکی 60 رۆژە و رایگەیاند، ئیسرائیل رەزامەندیی لەسەر پێشنیازەکە داوە.
 
پێشنیازی ئاگربەستەکە چییە و کێشەکان چین؟
 
پێشنیازە نوێیەکە ئاگربەستێکی 60 رۆژە لەخۆدەگرێت کە لەو ماوەیدا حەماس نیوەی بارمتە زیندووەکانی ئیسرائیل ئازاد دەکات، لە بەرامبەر ئازادکردنی ژمارەیەک زیندانیی فەلەستینی، بەڵام هێشتا بەربەستی گەورە لەبەردەم رێککەوتنەکەدا ماون.
 
گرنگترین خاڵی ناکۆکی، داواکاریی حەماسە بۆ ئاگربەستێکی هەمیشەیی و کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززە. لە لایەکی دیکەوە ئیسرائیل سوورە لەسەر لەناوبردنی تەواوەتیی حەماس و هێشتا نایەوێت بەڵێنی کۆتاییهێنانی یەکجارەکیی جەنگ بدات.
 
ئاندریاس کریگ، شرۆڤەکاری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە کینگز کۆلێجی لەندەن دەڵێت، "متمانەنەبوونی قووڵی حەماس بە نیازەکانی ئیسرائیل، بە لەبەرچاوگرتنی ئاگربەستەکانی پێشوو کە شکستیان هێنا، وادەکات حەماس پێش رێککەوتن، داوای گەرەنتیی پتەو بکات."
 
گوشاری ئەمریکا و سەردانەکەی نەتەنیاهوو
 
چاوەکان لەسەر کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەی نێوان دۆناڵد ترەمپ و بنیامین نەتەنیاهووە لە کۆشکی سپی. ترەمپ بەڵێنی داوە لە هەڵوێستی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە "زۆر پێداگرە."
 
هیو لۆڤات، شرۆڤەکاری ئەنجوومەنی ئەورووپی بۆ پەیوەندییەکانی دەرەوە دەڵێت: "زۆر روونە کە ترەمپ و ئەمریکییەکان کلیلی ئەم پرسەیان بەدەستەوەیە."
 
لۆڤات ئاماژە بەوە دەکات کە گوشاری ئەمریکا دەتوانێت رۆڵێکی یەکلاکەرەوە ببینێت، هەروەک چۆن لە ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و ئێراندا بینی.
 
سەرەڕای هەوڵە دیپلۆماسییەکان، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بەردەوامن.
 
بەرگریی شارستانیی غەززە رایگەیاند، تەنیا رۆژی هەینی زیاتر لە 50 کەس کوژراون، لەنێویاندا چەند کەسێک کە لە کاتی چاوەڕوانیی وەرگرتنی هاوکاریدا بوون.
 
جەنگی غەززە دوای هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەری 2023ی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد، کە بووە هۆی کوژرانی 1,219 کەس.
 
لە بەرامبەردا، هەڵمەتی سەربازیی ئیسرائیل، بەپێی تەندروستیی غەززە، بووەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 57,268 کەس.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە