وەزارەتی ناوخۆی هەرێم وەڵامێکی توندی بەغدای دایەوە
12 کاتژمێر پێش ئێستا
194 جار خوێنراوەتەوە
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "بەداخەوە هەست دەکەین جۆرێك لە پەردەپۆشكردن و خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی هەیە بەرانبەر ئەو زێدەڕۆییە ئەمنییانەی كە لە دژی هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێن."
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی لەبارەی هێرشە درۆنییەکانی ئەم دوواییانەی سەر شارەکانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.
وەزارەتی ناوخۆ دەڵیت، چاوەڕوان دەکەن لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ لەکاتی بوونی هێرش یان هەڕەشە لەسەر هەرێمی کوردستان یان ناوچەکانی دیکەی عێراق، رێوشوێنی پێویست بگیرێتە بەر، بەڵام "هەست دەکەین جۆرێک لە پەردەپۆشکردن و خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتیی هەیە."
لە روونکردنەوەکەی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە، لە ساڵانی رابردوو لە کاتی هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان، هەرچەندە "ئاراستە و سەرچاوەی مووشەك و درۆنەكانیش دیاربوون و چەندین جار بۆ دەرخستنی راستییەكان لیژنەی هاوبەشی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ دروست بوون، بەڵام دیسان بەداخەوە نە دەرئەنجامی لێكۆلینەوەكان بۆ رای گشتی ئاشكرا دەكران و نە لەسەر ئەو تاوانە ئاشكرا و كردەوە نایاساییانە كەس سزا دەدرا و هیچ رێوشوێنێكیش لەبەرانبەر هیچ لایەنێك نەگیرایەبەر."
وەزارەتی ناوخۆ بە گەڕانەوە بۆ پەیوەندیی ئەو کات دەڵێت، ئەو کات "بەرزترین ئاستی نێوان هەردوولا هەماهەنگی هەبووە و بەڵگەی روون و ئاشكراش لەبەر دەست بوونە."
"كەشوهەوای سیاسی و بیروڕای سیاسیی لایەنەكان بەهەر بارێكدا بێت، پاراستنی ئاسایشی وڵات و رێگەگرتن لە بە ئامانجگرتنی ژیانی هاووڵاتییان و سەروەری و سەقامگیریی وڵات ئەركی لەپێشینەی دامودەزگە فەرمییەكانی هەردوو حكومەتی فیدراڵی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستانە." ئەمە بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان.
|