پزیشکانی نیشتەجێی دێرین هەڕەشەی مانگرتن دەکەن
1 کاتژمێر پێش ئێستا
22 جار خوێنراوەتەوە
پزیشکانی نیشتەجێی دێرین لە سەرتاسەری عێراق ڕایانگەیاند، ئەگەر لایەنە پەیوەندیدارەکان وەڵامی داواکارییە یاسایی و دەستورییەکانیان نەدەنەوە، ئەوا لە ڕۆژی دوشەممە 8ـی ئەم مانگەوە کارەکانیان ڕادەگرن.
پزیشکانی نیشتەجێی دێرین لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویانكردەوە، "ئێمە چاودێری مانگرتنی هاوپیشەکانمان (پزیشکانی نیشتەجێی خولاو) دەکەین بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانیان. لە ماوەی ڕابردودا سەرەڕای زۆریی ئەرکەکانمان، بەردەوام بوین لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پزیشکی بە هاوڵاتیان، بەڵام بەردەوامیی پشتگوێخستنی داواکارییەکانمان ناچارمان دەکات هەڵوێستێکی ئەخلاقی و پیشەییمان هەبێت، چونکە مافی پزیشک ئیمتیازات نییە، بەڵکو مافێکی پارێزراوە".
لە بەیاننامەکەدا داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە پەلە بکەن لە خەرجکردنی شایستە داراییەکانی پزیشکان و کۆتاییهێنان بەم دۆسێیە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە. هۆشداریشیان داوە کە ئەگەر داواکارییەکانیان پشتگوێ بخرێت، لە ڕۆژی دوشەممەوە مانگرتنی پزیشکانی نیشتەجێی دێرین دەستپێدەکات و ئەو کاتە داواکارییەکان هەمو چینەکانی پزیشکان دەگرێتەوە، بەتایبەت مافی "پزیشکانی خولی 24" کە بە مەسەلەیەکی بنەڕەتی و بێ سازش وەسفیانکردوە.
پزیشکانی نیشتەجێی دێرین، داوا لە سەرجەم پزیشکان لە هەمو پسپۆڕییە جیاوازەكان دەكەن یەکدەنگ بن، چونکە یەکڕیزیی پزیشکان سەرچاوەی هێز و پارێزەری کەرامەتی پیشەکەیانە.
دامەزراوە تەندروستییەکانی عێراق لە ماوەی ڕابردودا شایەتی بزوتنەوەیەکی ناڕەزایەتییە کە پزیشکانی نیشتەجێ سەرکردایەتی دەکەن بۆ داواکردنی خەرجکردنی شایستە داراییەکان و باشترکردنی بارودۆخی پیشەیی و کارگێڕییان.
هەروەها بانگەوازەکان بۆ گرتنەبەری هەنگاوی ناڕەزایەتی فراوانتر زیادیان کردوە دوای سکاڵای دوبارە لە دواکەوتنی وەڵامدانەوەی داواکارییەکان، لەکاتێکدا کارمەندانی کەرتی تەندروستی هۆشداری دەدەن کە بەردەوامبونی قەیرانەکە ڕەنگە کاریگەری هەبێت لەسەر کارکردن لە ژمارەیەک لە دامەزراوە پزیشکییە حکومییەکاندا.
|