"هەر هاوڵاتییەک گەندەڵی و بەرتیل ئاشکرا بکات پاداشت دەکرێت"
1 کاتژمێر پێش ئێستا
86 جار خوێنراوەتەوە
دەستەی دەسپاکی لە هەرێمی کوردستان داوا لە هاووڵاتییان و فەرمانبەران دەکات کەلە هەر دام و دەزگایەکی سەر بە حکومەت گەندەڵی و بەرتیل وەرگرتن ئاشکرا بکات پاداشت دەکرێت و پلەو ناوەکەی دەپارێزرێت.
حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەسپاکی هەرێمی کوردستان لە نووسراوێکدا ئاشکرای کرد: له پێناو بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و نەهێشتنی بەرتیل و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات بەپێی یاسای دەستەی دەسپاکی ژمارە 3ی ساڵی 2011ی هەموارکراو لە ڕێنمایی کاری لێکۆڵینەوە، هەر (فەرمانبەرێک یان هاووڵاتییەک) زانیاری بدات بە دەستەکەمان لەسەر بوونی هەر کارێکی نایاسایی یاخود بوونی گەندەڵی لە دامودەزگاکانیان بە هەر شێوازێک کە بۆیان دەکرێت دەستەکەمان ئاگادار بکەنەوە.
سەرۆکی دەستەی دەسپاکی هەرێمی کوردستان دەشڵێت: بە مەرجێک زانیارییەکان بە بەڵگەوە بن لەسەر هەر فەرمانبەرێک یان بەرپرسێک لە هەر ئاستێکی پلەی وەزیفی دابێت، لەلایەن دەستەکەمانەوە پاداشت (مەکافاة) دەکرێت بە بڕێک پارە، دەستەکەمان زامنی پاراستنی ناو و ناونیشانی هەواڵدەر دەکات و مافی پارێزراو دەبێت، ئەم هەنگاوەش لەپێناو پاراستنی سامانی گشتی و گەڕاندنەوەیەتی بۆ گەنجینەی هەرێمی کوردستان.
|