دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکان وەڵامی محەمەد سەمعان دەداتەوە
4 کاتژمێر پێش ئێستا
80 جار خوێنراوەتەوە
دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکان لێدوانەکەی پارێزگارە تورکمانەکەی کەرکووک ڕەت دەکاتەوە کە دژ بە ماددەی 140 دابووی و ڕایگەیاند لێدوانەکەی نادەستوورییە.
دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکان وەڵامی لێدوانێکی محەمەد سەمعان، پارێزگارە تورکمانەکەی کەرکووک دەداتەوە کە تێیدا ئاماژەی بە کۆتاییهاتنی ماددەی 140ی دەستووری عێراق کردبوو.
لە ڕاگەیەندراوەکەی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئدارەی هەرێمی کوردستاندا هاتووە؛ بنچینەی سەرەکیی سیستەمی حکومڕانی لە عێراقی نوێدا دەستووری وڵاتە و بووەتە پەیمانێکی راستەقینە. گەلانی عێراق بە تەواوی جیاوازییەکانیانەوە وەک شانازییەکی گەورەی تێکۆشانیان دژی دەسەڵاتی زۆردار باسی لێوە دەکەن. پابەندبوون بەم دەستوورە تەنیا پابەندییەکی یاسایی و پاراستنی دەستکەوتەکان نییە، بەڵکوو رێزگرتنە لە ویستی گەلانی عێراق.
ڕاشیگەیاند، خەڵکی کوردستان وەک پێکهاتەیەکی گرنگی ئەم وڵاتە، بە بایەخێکی زۆرەوە و وێڕای تێبینییەکانیان، دەستیان بەم بنەمایەوە گرتووە و وەک بەرهەمی خەباتێکی درێژخایەن وێنای دەکەن. ماددەی 140ـی دەستووریش وەک دیارترین نەخشەرێگە دەبینن بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەکی دێرینی نیشتمانەکەیان، ئەویش پرسی ناسنامەی رووبەرێکی بەرفراوانی خاکەکەیەتی لە عێراقدا. هەروەها بڕوایان وایە دەستوور رێگەیەکی هاوسەنگی داڕشتووە بە ئاراستەی چارەسەرکردنی ئەم پرسە لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا هاتووە، هەر جۆرە لێدوانێکی نادەستووری لەلایەن پارێزگاری کەرکووکەوە بە تەواوی رەتدەکەنەوە. لەم قۆناغە هەستیارەدا پێویستە پارێزگار گیانی پێکەوەژیانی راستەقینە لە شارەکەدا زاڵ بکات و خۆی لە بەکارهێنانی دەستەواژەیەک بەدوور بگرێت، پێچەوانەی دەستوور و ویستی راستەقینەی گەلانی عێراق بێت.
دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکان هۆشداریشی داوە لەوەی، لێدوان و دیداری نادەستووری رووبەری بێمتمانەیی فراوان دەکات و سەرنجیش لەسەر پرسە خزمەتگوزارییەکان لادەدات، لە کاتێکدا ئەمڕۆ کەرکووک لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە خزمەتگوزاری هەیە.
|