زیاتر لە ملیۆنێک و 100 هەزار مووچەخۆر فۆرمی (هەژماری من)یان پڕکردووەتەوە

4   کاتژمێر پێش ئێستا  105 جار خوێنراوەتەوە

زیاتر لە ملیۆنێک و 100 هەزار مووچەخۆر فۆرمیان پڕکردووەتەوە و 100 هەزار مووچەخۆریش تاوەکو ئێستا فۆرمەکەیان پڕ نەکردووەتەوە.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاندووە: "لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ملیۆنێک و 200 مووچەخۆر هەن، کە لە عێراقەوە مووچەکانیان وەردەگرن، لەو ژمارەیە تاوەکو ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک و 100 مووچەخۆر فۆرمی (هەژماری من)ـیان پڕکردووەتەوە."

سەبارەت بە دابەشکردنی کارتە بانکییەکان، ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە کرد "زیاتر لە 920 هەزار مووچەخۆر کارتی هەژماری منیان وەرگرتووەتەوە و پڕۆسەکە بە شێوەیەکی بەردەوام کاری تێدا دەکرێت."

بەپێی ئەو ئامارە بێت، تا ئێستا نزیکەی 100 هەزار مووچەخۆر فۆرمیان پڕنەکردووەتەوە و 180 هەزار مووچەخۆریش کارتی بانکییان وەرنەگرتووەتەوە.

وەزارەتی دارایی ئەو مووچەخۆرانە ئاگادار دەکاتەوە کە فۆرمیان پڕنەکردووەتەوە: "کاتی زۆر نەماوە پێویستە بە زووترین کات فۆڕمی هەژماری من پڕبکەنەوە، ئەگەر نا مووچەکانیان دەوستێت، هەروەها ئەو کەسانەی نامەیان بۆ گەڕاوەتەوە، بە زووترین کات سەردانی بنکەکان بکەن و کارتەکانیان وەربگرنەوە."

سەرچاوەکەی رووداو ئاماژەی بەوەشکردووە: "ئەو مووچەخۆرانەش کە مووچەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆیە، دەبێت هەژماری من پڕبکەنەوە، بەشێکیان پڕیانکردووەتەوە و پڕۆسەکە بۆ ئەوانیش بەردەوامە، کە ژمارەیان نزیکەی 70 هەزار مووچەخۆرە".

بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، یەک ملیۆن و 190 هەزار و 391 مووچەخۆر لە هەرێمی کوردستان هەن، کە مانگانە پێویستیان بە 945 ملیار و 817 ملیۆن دینار هەیە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە