لەچوار مانگدا ئاڵوگۆڕی بازرگانیی هەرێم و ئێران نزیکەی ملیارێک دۆلار بووە

1     کاتژمێر پێش ئێستا  30 جار خوێنراوەتەوە

لەنێوان هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستاندا حەوت دەروازەی سنووری هەن؛ سێ دەروازەی حاجی ئۆمەران، باشماخ و پەروێزخان فەرمین و دەروازە سنوورییەکانی سەیرانبەن، کێلێ، شوشمێ و پشتە نیمچەفەرمین.

مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان بە میدیاکانی راگەیاند، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ساڵانەی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان لەو دەروازە سنوورییانەوە دەگاتە پێنج ملیار دۆلار. بەرپرسانی پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش ئاماری وردی قەبارەی بازرگانییەکە دەخەنەڕوو. 

بەوتەی خالید جەنگجو، سەرپەرشتیاری گومرگی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە چوار مانگی سەرەتای ئەم ساڵی هەتاوی (21-03-2026 بۆ 21-07-2026) بایی یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلار کاڵا لە دەروازە سنوورییەکانی پارێزگاکەوە بەرەو هەرێمی کوردستان، باکووری کوردستان و کۆماری ئازەربایجان هەناردە کراوە.

قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەرانەوە بە جیا نەخراوەتەڕوو، بەڵام وەک ئەرسەلان شوکری، بەڕێوەبەری گواستنەوە و رێگەوبانی پارێزگای ورمێ دەڵێ، لە چوار مانگی سەرەتای ئەم ساڵی هەتاویدا لە کۆی 60 هەزار بارهەڵگری تێپەڕیو بە شەش دەروازە سنوورییەکانی پارێزگاکەدا هەشت هەزار و 660ـیان تایبەت بوون بە دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران، ئەوەش دەرخەری ئاڵوگۆڕێکی زۆری کاڵایە لەنێوان ئێران و هەرێمی کوردستاندا.

ئەوە لەکاتێکدایە بۆ هەمان کاتی پار، قەبارەی هەناردەی کاڵا لە دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەرانەوە، نزیکەی 200 ملیۆن دۆلار راگەیێندرابوو.

جگە لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی، لە سەرەتای حوزەیرانی ساڵی 2025ـەوە زیاتر لە 10 هەزار دانیشتووی ناوچە سنوورییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ئێرانەوە کارتی کۆڵبەرییان بۆ کراوە و بەشێوەیەکی فەرمی هاتووچۆ دەکەن.

هەرچەندە جەنگی 40 رۆژەی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران کاریگەری لەسەر دەروازە سنوورییەکان هەبوو، بەڵام ئەگەر هاوشێوەی پار ئاڵوگۆڕی بازرگانیی دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران بۆ چوار مانگی سەرەتای ئەم ساڵی هەتاوی زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلار و بۆ دەروازەکانی کرماشانیش 450 ملیۆن دۆلار لەبەرچاو بگرین، دەکرێ بڵێین ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران بۆ ئەو چوار مانگە زیاتر لە 950 ملیۆن دۆلارە.

زۆربەی ئەو کاڵایانەی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە هەناردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن بریتین لە شیری وشک، پەینی کیمیاوی، ئاسن، بەروبوومی کشتوکاڵی، مریشک، هێلکە، بەرهەمە پلاستیکییەکان، بەرهەمە شیرەمەنییەکان، بەرد و کاشی.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە