رێککەوتنی بەغدا و هەرێم و کۆمپانیاکان بۆ هەناردەکردنی نەوت نوێکراوەتەوە

2   کاتژمێر پێش ئێستا  79 جار خوێنراوەتەوە

بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ دەڵێت، رێککەوتنی نێوان حکومەتی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی نەوت نوێکراوەتەوە و نوێکردنەوەکەش بۆ ساڵێکە.

عەلی نزار، بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق - سۆمۆ، بە رووداوی راگەیاندووە، رێککەوتنە سێقۆڵییەکەی نێوان حکومەتی فیدراڵی، حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان نوێکراوەتەوە. 

بە وتەی بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ، رێککەوتنە سێقۆڵییەکە بەپێی ماوەی رێککەوتنەکەی تورکیا درێژکراوەتەوە کە رۆژی 1ـی ئابی 2026، وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی وزەی تورکیا رێککەوتنێکی نوێیان بۆ هەناردەکردنی نەوتی عێراق لەڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییاوە بۆ یەک ساڵ واژۆکرد.

بەپێی زانیارییەکان "رێککەوتنە سێقۆڵییەکە نزیکەی 20 رۆژ لەمەوپێش لە هەولێر نوێکراوەتەوەو رەوانەی وەزارەتی نەوتی عێراق کراوە بۆ ئەوەی بە فەرمی پەسەند بکرێ و کارا بکرێ.

"ئەم گرێبەستە بۆ رێکخستنی شێوازی کارکردن و پڕۆتۆکۆڵێکی کارگێڕییە لە نێوان هەولێر و بەغدا تا پڕۆسەی گواستنەوە و هەناردەی نەوت بە یاسایی رێکبخاتەوە."

بە وتەی سەرچاوەیەک بۆ رووداو، کۆمپانیا بیانییەکانی بواری نەوت لە هەرێمی کوردستان وردە وردە دەستیان کردووەتەوە بە گەڕانەوە بۆ سەر کارەکانیان، دوای ئەوەی بەهۆی دۆخی جەنگ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە کارەکانیان راگرتبوو.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە