خەوتنی زیاد لەپێویست زیانەکانی بۆ تەندروستی مرۆڤ چیە؟
2 کاتژمێر پێش ئێستا
30 جار خوێنراوەتەوە
توێژینەوەیەکی نوێ دەریدەخات، خەوتنی زۆر نەک هەر پشوودان نییە، بەڵکو ڕەنگە ببێتە مەترسی بۆ سەر تەندروستیی مرۆڤ و چەند زیانێکی لێدەکەوێتەوە..
بەپێی توێژینەوەیەکی زانکۆی کۆڵۆمبیای ئەمریکی، کە لە ڕۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی بڵاوکراوەتەوە، خەوتنی زیاتر لە هەشت کاتژمێری ڕۆژانە هاوشێوەی کەمخەوی، دەبێتە هۆی خێراکردنی پڕۆسەی بەساڵاچوونی ئەندامەکانی جەستە و کەمکردنەوەی تەمەنی مرۆڤ.
توێژینەوەکە لەسەر زیاتر لە 500 هەزار کەس لە بانکی زیندەیی بەریتانی (UK Biobank) کراوە و دەرکەوتووە ماوەی نموونەیی خەوتن بۆ پاراستنی تەندروستی، دەکەوێتە نێوان 6.4 بۆ 7.8 کاتژمێر لە شەوێکدا. هەر کەمبوون یان زیادبوونێک لەم ماوەیە، کاریگەرییەکی نەرێنیی بەرفراوانی لەسەر تەندروستیی گشتی دەبێت.
لە توێژینەوەکەدا دەرکەوتووە تێکچوونی هاوسەنگیی کاتژمێرەکانی خەوتن ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە خێراکردنی بەساڵاچوونی ئەندامە سەرەکییەکانەوە هەیە، بە تایبەت مێشک، دڵ، سییەکان و کۆئەندامی بەرگری.
ئەوەی لەبارەیەوە دەگوترێت: د. جۆنهاو وین، یەکێک لە توێژەرانی بەشداربوو جەخت لەوە دەکاتەوە، خەوتنی گونجاو پێویستە بۆ دروستکردنی هەماهەنگیی نێوان مێشک و جەستە، تاوەکو هاوسەنگیی ماددەکان و تەندروستیی بەرگریی جەستە بپارێزرێت.
توێژەران ڕوونیان کردووەتەوە زۆر خەوتن یان کەم خەوتن بە تەنیا هۆکاری سەرەکیی بەساڵاچوون نین، بەڵکو دەکرێت وەک نیشانەیەک سەیر بکرێن بۆ تێکچوونی تەندروستیی گشتیی جەستە.
|