بۆچی برینەکانی ڕووخسار شوێنەوار جێ ناهێڵن؟

2   کاتژمێر پێش ئێستا  29 جار خوێنراوەتەوە

زانایانی زانکۆی ستانفۆرد نهێنیی چاکبوونەوەی خێرای برینەکانی ڕووخساریان دۆزییەوە کە بەراورد بە بەشەکانی دیکەی جەستە، شوێنەواری زۆر کەمتر جێ دەهێڵن.

توێژینەوەکە لە گۆڤاری زانستیی "سێڵ" بڵاوکراوەتەوە و تێیدا پڕۆتینی "ڕۆبۆ 2" وەک فاکتەری سەرەکیی ئەم پڕۆسەیە ناسێنراوە، کە وەک سەرپەرشتیارێک ڕێنمایی خانەکان دەکات چۆن پێستەکە نۆژەن بکەنەوە بەبێ ئەوەی ببێتە هۆی دروستبوونی شانەی ڕەق.

نهێنیی ئەم پڕۆسەیە لە جۆرە خانەیەکی پێستدایە بە ناوی "فایبرۆبلاست" کە وەک کرێکاری چاککردنەوەی پێست کار دەکەن. لێکۆڵینەوەکە دەریخستووە فایبرۆبلاستەکانی ڕووخسار زۆر "زیرەکترن" و لەبری دروستکردنی شانەی ڕەق و ناشرین کە پێی دەوترێت شوێنەوار، شانەیەک دروست دەکەن کە زۆر لە پێستی سروشتیی دەچێت.

توێژەران بۆ سەلماندنی ئەمە، خانە زیرەکەکانی ڕووخساری مشکێکیان بۆ سەر پشتی گواستەوە و تێبینییان کرد کە برینەکانی پشتی مشکەکە بە هەمان شێوەی ڕووخساری و بەبێ جێهێشتنی شوێنەواری دیار چاک بوونەتەوە. ئەمەش ئومێدێکی گەورە دەبەخشێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا لەرێگەی کرێم یان دەرمانەوە، توانای خانەکانی ڕووخسار بۆ هەموو جەستە بگوازرێتەوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە