ئەیوب عەلی میوزیک و گۆرانیی کوردی دەباتە ئیسپانیا و یۆنان

2025-06-03  121 جار خوێنراوەتەوە

هونەرمەند ئەیوب عەلی، دوو کۆنسێرت لە ئیسپانیا و یۆنان سازدەکات و دەڵێت، هێندەی لە توانایدا بێت، بەردەوام دەبێت لە ناساندنی میوزیکی کوردی بە جیهان.
 
ئەیوب عەلی رایگەیاند، لە کۆنسێرتێکدا بەرهەمێک بە چەند شێوەزارێکی کوردی جیاواز و بە ستایلی میوزیکی فلامێنکۆی ئیسپانی پێشکێش دەکات، ئەویش لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی هاوبەشە لەگەڵ گرووپی سێ گیتارژەنە نێودەوڵەتییە بەناوبانگەکەی وڵاتی ئیسپانیایە بەناوی "بارسێلۆنا گیتار ترییۆ". 
 
وتیشی، یەکەم کۆنسێرت لە 3ـی حوزەیرانی 2025 لە شاری بارسێلۆنا سازدەکرێت و بڕیارە دواتر زنجیرە کۆنسێرتێک لە چەندین وڵاتی جیاواز سازبکەن و ئاواز و تێکست و کولتووری کوردی و هونەری فلامێنکۆ؛ ئاوێزانی یەکدی بکات و بە جیهانی بناسێنن. 
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە چالاکییەکی دیکەی هونەرییدا وەکو هونەرمەندی میوان لە کۆنسێرتێکی گۆرانی و میوزیکی یۆنانی لەو وڵاتەدا بەشدارە، تێیدا چەند گۆرانییەکی فۆلکلۆری کوردی پێشکێش دەکات. روونیشیکردەوە، لە کۆنسێرتەکەدا دوو ئەستێرەی برا بەشدارن کە لە نێو میوزیک و گۆرانی یۆنانیدا بەناوبانگن، ئەویش ماتیۆس تساهوريديس و ‏كونستانتينوس تساهوريديسە و لە 22ـی حوزەیرانی 2025 سازدەکرێت.
 
ئەیوب عەلی پێشتریش لەگەڵ گرووپی میوزیکی بیانی کاری کردووە و لەبارەی ناساندنی میوزیکی کوردی بە جیهان گوتی: "هێندەی لە توانای هونەریمدا بێت بە شانازییەوە بەردەوام دەبم لە ناساندنی میوزیکی زەنگینی کوردی بە جیهان".
 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە