پارتی و یەکێتی مانگی داهاتوو پەرلەمان کارا دەکەنەوە؟

2025-08-15  436 جار خوێنراوەتەوە

وا بڕیارە مانگی داهاتوو پەرلەمانی کوردستان لەلایەن پارتی و یەکێتییەوە کارا بکرێتەوە و کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمیش رابگەیەنرێت.

رۆژی پێنج شەممە 14ی 8 لە شاری هەولێر کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان پارتی و یەکێتی بەڕێوەچوو.

بە گوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، هەردولا رێککەوتوون هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە لە مانگی ئەیلولدا پەرلەمان کارا بکرێتەوە.

پەرلەمانی کوردستان بەهۆی رێک نەکەوتنی پارتی و یەکێتیەوە ماوەی زیاتر لە ١٠ مانگە نەیتوانیوە کۆبێتەوە.

ئەوە لە کاتێکدایە هەڵبژاردنەکەی پەرلەمان بەهۆی ناکۆکییەکانی ئەو دوو حیزبەوە زیاتر لە دوو ساڵ دواخرا.

بە گوێرەی راگەیەندراوە هاوبەشەکەی پارتی و یەکێتی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم دەکەوێتە دوای کاراکردنەوەی پەرلەمان.

ئەوەش بەو واتایە دێت سەرەتا کۆبوونەوەکانی پەرلەمان دەست پێ دەکەنەوە و دەستەی سەرۆکایەتی هەڵدەبژێردرێت پاشان پۆستەکانی کابینەی نوێی حکوومەت دابەش دەکەن.

بە بڕوای چاودێرانی دۆخی سیاسی هەرێم، پارتی و یەکێتی نیازی ئەوەیان نیە پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کابینەی نوێی حکوومەت پێک بهێنن ئەوەش بە ئامانجی ئەوەی پۆستەکانی بەغدا و هەرێم بە یەک پاکێج لەنێوان یەکتردا دابەش بکەن.

پێشتر گەڕەکێکی سەختی ململانێیان لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار بەڕێکرد بۆیە نایانەوێت هەمان ئەزموون دووبارە بکەنەوە.

پارتی و یەکێتی لە کاتی دیاریکردنی سەرۆک کۆماری عێراق پەیوەندییەکانیان ئاڵۆز بوو کە دواتر سەری بۆ دەیان کێشەی نوێ کێشا کە تا ئێستاش بە چارەسەر نەکراوی ماونەتەوە.

بە بڕوای شارەزایان کێشەکانی پارتی و یەکێتی و ململانێ بەردەوامەکانیان دوای ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکرێت زیاتر بن ئەوەش بە بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی رابردوو.

ململانێکانی ئەم چەند ساڵەی دواییان کاریگەری یەکجار خراپی لەسەر رۆڵی کورد لە بەغدا هەبووە،  بۆیە لە هەردۆخێکدا ئەو دوو هێزە سیاسیە بەهۆی دابەشبوونیان بەسەر هێزە ناوچەییەکاندا ناتوانن کۆ دەنگی کورد بپارێزن.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە