کۆمپانیاکان چەند لە نەوتی کوردستان قازانج دەکەن؟
2025-10-06
244 جار خوێنراوەتەوە
بڕیارە کۆمپانیای وودماکینزی پێداچوونەوە بە تێچووی بەرهەمهێنان، وەبەرهێنان و قازانجی بەرمیلێک نەوتی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان لە هەرێمی کوردستان بکات و لەسەر بنەمای ئەو پێداچوونەوەیە بەغدا شایستە داراییەکانیان بۆ قۆناخی ئێستا و داهاتوو بدات. ئێستا کە رێککەوتنێکی 20 خاڵی کراوە و نەوت هەناردە دەکرێت، بەغدا بڕی 16 دۆلاری بۆ تێچووی نەوتی بەرهەمهێندراو و گواستنەوەکەی داناوە، کە بەپێی راگەیێندراوی کۆمپانیای دی ئین ئۆ بێت، بڕی 14 دۆلار بۆ تێچووی بەرهەمهێنانە و دوو دۆلاریش بۆ گواستنەوەیە. ئەم شێوازە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ کاری پێدەکرێت و کۆمپانیای وودماکینزی راپۆرتی خۆی لەسەر تێچووی بەرمیلیک نەوت ئامادە دەکات.
لەڕاستیدا، کرۆکی رێککەوتنە 20 خاڵییەکە دڵنیاکردنەوەی لایەنەکانە لە ماف و شایستەکانیان، ئەو 30 مانگەشی کە نەتواندرا رێککەوتن بکرێت و نەوت هەناردە بکرێتەوە، هەر لەبەر ئەوە بووە و ئەوەش بەڕوونی لە خاڵەکانەوە دیارە، چونکە ئەوەی لە خاڵەکان دەبیندرێت زیادکردنی داواکاری و جێکردنەوەی مەرجی لایەنەکان و پابەندییەکان بووە، تاوەکو هەمووان رازی بن، ئەگینا هێشتاش رێککەوتنەکە پرسیاری جیاواز دەهینێتە ئاراوە، بەڵام لە هەمووی گرنگتر تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت و زیادکردن یان کەمکردنی ئەو 16 دۆلارەیە کە وەکو شایستەی دارایی بە کۆمپانیاکان دەدرێت بۆ ئێستا و داهاتوو.
تێچووی بەرمیلێک نەوت و قازانجی کۆمپانیاکان بۆ بەرهەمهێنانی بەرمیلیک نەوت لە هەرێمی کوردستان جیاوازە و بەپێی گرێبەستەکانیان، ئاستی بەرهەمهێنان، وەبەرهێنان و پەرەپێدانی کێڵگەکان دەگۆڕێت. ئەمەش هاوشێوەی ئەو کۆمپانیایانە نییە کەوا لە عێراق کار دەکەن، بۆ نموونە لە هەرێمی کوردستان کۆمپانیاکان تێچووی وەبەرهێنانیش دەخەنە سەر تێچووی بەرهەمهێنان، لە کاتێکدا لە عێراق پارەی وەبەرهێنان لەم کەرتەدا لەلایەن دەوڵەتەوە دابین دەکرێت و لە ماوەی یەک دەیەدا کۆی خەرجییەکەی 110 تریلیۆن دینار بووە، کە بەگشتی 100 تریلیۆن دیناری بۆ خەرجیی وەبەرهێنان بووە لە ساڵێکدا. لە 2024یشدا خەرجیی وەبەرهێنانی وەزارەتی نەوت لە 12.3 تریلیۆن دینار زیاتر بووە.
بەپێی راپۆرتی دارایی گەڵف کیستۆن لە 28ی ئاب 2025دا، لە ماوەی 6 مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا کۆی نەوتی بەرهەمهێندراوی رۆژانە 44 هەزار و 100 بەرمیل بووە، کە بە 27.8 دۆلار بە نێوخۆ فرۆشراوە، واتە کۆی داهاتی نەوتی فرۆشراو 221.9 ملیۆن دۆلار بووە و، داهاتی کۆمپانیاکەش 83.1 ملیۆن دۆلار بووە. هەروەها بەپێی راپۆرتەکە، کۆی خەرجیی بەکارخستن و وەبەرهێنان لەو ماوەیەدا 66.4 ملیۆن دۆلار بووە و قازانجی کۆمپانیاکەش 16.7 ملیۆن دۆلار بووە، واتە پشکی کۆمپانیاکە بە تێچوو و قازانجەوە رێژەی 37.44% بۆ بەرمیلێک نەوت بووە. لەم بڕەش ئەگەر بەپێی راپۆرتەکە جیای بکەینەوە، ئەوا خەرجیی بەرهەمهێنان و وەبەرهێنان لە کێڵگەکەدا رێژەی 29.9% و قازانجی کۆمپانیاکەش 7.53% بووە. وەکو لە خشتەی خوارەوەدا هاتووە.
خاڵێکی دیکەی گرنگ لە راپۆرتەکەی گەڵف کیستۆن لەبارەی تێچووە، بۆ قۆناخی 6 مانگی سەرەتای ئەم ساڵ جیاوازیی خەرجیی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت، کە رێژەی 72.7% تێچووی ئۆپەرەیشن و خەرجییەکانی دیکەیە و رێژەی خەرجیی وەبەرهێنان لەو ماوەیەدا 27.2% بووە، ئەگەر خەرجیی کۆمپانیاکان بگۆڕێت، ئەمە دەگۆڕێت نەوەکو تێچوو و قازانجەکانیان. ئەم رێژانەش بە هەمان شێوە بۆ قۆناخی پێش راگرتنی هەناردەکردنی نەوت و فرۆشتنی نەوت لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە لە بەندەری جەیهان راستە، بۆ نموونە بەپێی راپۆرتەکان گەڵف کیستۆن لە ماوەی سێ مانگی کۆتایی 2022دا رۆژانە 44 هەزار و 202 بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە، کە بە 74.1 دۆلار فرۆشراوە و کۆی داهاتەکەی 301.3 ملیۆن دۆلار بووە.
هەروەها، لە ماوەی سێ مانگی سەرەتای 2023دا کۆی بەرهەمهێنانی نەوتی رۆژانە 46 هەزار و 228 بەرمیل بووە، کە بە 51.3 دۆلار فرۆشراوە و کۆی داهاتی نەوت لەو سێ مانگەدا 213.4 ملیۆن دۆلار بووە، بەم شێوەیەش، کۆی داهاتی نەوت لەو 6 مانگەدا 514.76 ملیۆن دۆلار بووە، کە هەرێمی کوردستان هیچ بڕە پارەیەکی بە کۆمپانیاکە نەداوە. کۆمپانیای گەڵف کیستۆن ئاماژە بەوە دەکات، تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لەو ماوەیەدا 150.5 ملیۆن دۆلار و قازانجی کۆمپانیاکەش 42.3 ملیۆن دۆلار بووە، بەم شێوەیەش دەردەکەوێت رێژەی تێچووی بەرهەمهێنان بۆ کۆی داهات 29.2% و قازانجی کۆمپانیاکەش بۆ کۆی داهاتەکە 8.2% بووە، وەکو لە خشتەی خوارەوەدا هاتووە.
لەم خشتەیەی خوارەوەدا جیاوازیی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بە نرخی برێنت و بە نرخی نێوخۆ لە سێ مانگی کۆتایی 2022، سێ مانگی سەرەتای 2023 و 6 مانگی یەکەمی 2025 بۆ بڕی نەوتی بەرهەمهێندراو لەلایەن گەڵف کیستۆنەوە خراوەتەڕوو:

پێش رۆژانی 27ی ئەیلوولی 2025 هەرێمی کوردستان دوو قۆناخی فرۆشتنی نەوتی هەبووە: یەکەمیان فرۆشتنی لە بەندەری جەیهان کە نرخەکەی نەوەکو نزیک نەبووە لە نرخی برێنت بگرە 20 بۆ 25 دۆلار جیاوازیی هەبووە؛ دووەمیان لە ماوەی 30 مانگی رابردووش بە کەمتر لە 44 دۆلار لە نرخی برێنت بە نێوخۆ فرۆشراوە، کە ئەگەر بەشێکی ئەم بەکەمتر فرۆشتنە بەهۆی کوالێتییەکەیەوە بێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە بەشی زۆری بەهۆی داوا یاساییەکانی بەغدا، ترسی کڕیاران لە سزادان و بلۆککردنیان بووە بۆ کڕینی نەوتی هەرێمی کوردستان لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوە.
ئێستا کە رۆژانی دوای رێککەوتنی سێقوڵییە 20 خاڵییەکەیە، قۆناخێکی نوێیە بۆ فرۆشتنی نەوتی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان، نەکو لەبەرئەوەی هەناردەکراوەتەوە و لە بەندەری جەیهان دەفرۆشرێت، بەڵکو بۆئەوەی ئەم رۆژانە کۆمپانیای سۆمۆ نەوتەکە دەفرۆشێت و چاوەڕوان دەکرێت گرێبەستەکانی کۆمپانیاکە بۆ نەوتی فرۆشراو بەگوێرەی کوالێتییەکەی بێت و نزیک لە نرخی برێنت بفرۆشرێت، کە ئەمەش تەواو جیاوازە لە دوو قۆناخەکەی رابردوو، بەهۆی داهاتەکەیەوە.
بۆ نموونە، بەپێی راپۆرتی گەڵف کیستۆن، تێکڕای نرخی برێنت لە ماوەی سێ مانگی کۆتایی 2022دا 101.4 دۆلار و لە ماوەی سێ مانگی یەکەمی 2023دا 81.2 دۆلار بووە، واتە بە تێکڕا لە ماوەی ئەو 6 مانگەدا نرخی نەوتی برێنت 91.3 دۆلار بووە، بەڵام تێکڕای نرخی نەوتی فرۆشراوی کێڵگەی شێخان 62.7 دۆلار بووە. هەروەها، لەڕووی نرخی فرۆشتنەوە لەکاتی فرۆشتنی بە نێوخۆ و لە ماوەی 6 مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا، نرخی نەوتی فرۆشراوی ئەم کێڵگەیە بە تێکڕا 27.8 دۆلار بووە، لە کاتێکدا نرخی نەوتی برێنت بە تێکڕا لەو ماوەیەدا 71.9 دۆلار بووە.
هەروەها، لە ماوەی ئەو دوو 6 مانگەی لە سەرەوە شیکردنەوە بۆ تێچووی بەرهەمهێنان، وەبەرهێنان و قازانجی کۆمپانیاکان و داهاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە، دەردەکەوێت ئەگەر بە نرخی برێنت بفرۆشرایە، داهاتی هەرێمی کوردستان دوو هێندە دەبوو، هەروەها کاری کۆمپانیاکان و بگرە رێژەی تێچووی بەرهەمهێنان و قازانجی کۆمپانیاکانیش تاڕادەیەک جێگیر دەبوو. ئەگەر لە ماوەی سێ مانگی کۆتایی 2022 و سەرەتای 2023دا بە نرخی برێنت بفرۆشرایە، ئەوا کۆی داهات دەیکردە 750 ملیۆن دۆلار و قازانجی کۆمپانیاکەش لە 42.3 ملیۆن دۆلارەوە بەرزدەبووەوە بۆ 61.6 ملیۆن دۆلار، داهاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 321 ملیۆن دۆلارەوە دەبووە 538 ملیۆن دۆلار.
لەم 6 مانگەی سەرەتای ئەم ساڵیشدا بڕی ئەو نەوتەی لە کێڵگەی شێخان بەرهەمهاتووە، کە کۆی گشتی 7.98 ملیۆن بەرمیل نەوتە و بە تێکڕای نرخی برێنت بفرۆشرایە ئەوا 574 ملیۆن دۆلار داهاتی دەبوو، بە هەمان شێوەش دوای لێدەرکردنی 66.4 ملیۆن دۆلار تێچوو و 148 ملیۆن دۆلار قازانجی کۆمپانیاکە، ئەوا 359 ملیۆن دۆلار بۆ هەرێمی کوردستان دەمایەوە، بەڵام لەو ماوەیەدا هەرێمی کوردستان 138.8 دۆلاری بۆ ماوەتەوە.
بڕیارە کۆمپانیای وودماکینزی پێداچوونەوە بۆ تێچووەکان بۆ بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت بکات، لایەنەکان لە دانوستاندن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان، چ دانوستاندنی کۆمپانیاکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی قەرزەکانیان بۆ ماوەی سێ مانگی کۆتایی 2022 و سێ مانگی سەرەتای 2023، هەولێر و بەغدا لەبارەی مووچە و بودجە، ژمارەکان دەریدەخەن تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت رێژەی 18.5%، رێژەی 8.1% بۆ وەبەرهێنان و رێژەی 7.5% بۆ قازانجی کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکان کۆی داهاتی بەرمیلێک نەوتی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان.
خاڵێکی دیکەش کە زۆر گرنگە ئاماژەی پێبدەین, تێچووی بەرهەمهێنان و وەبەرهێنان بۆ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان کە پشکدارە و لە ناوچەکانی دیکەی جیهانیش کاری بەرهەمهێنانی نەوت و گاز دەکەن لەسەر بنەمای قازانج نەوەکو خەرجکردن، تاوەکو گۆڕانکاری لە خەرجییەکانیان بکرێت. لەڕاستیدا، ئەوەی لە ژمارەکانەوە دەردەکەوێت و لە راپۆرتی کۆمپانیا پشکدارەکەدا هاتووە، بەڕوونی دەریدەخات تاوەکو چەند کۆی داهاتی نەوتی بەدەستهاتوو بەرزبێتەوە، ئەوا قازانجی کۆمپانیاکان بە رێژەیەکی کەم زیاد دەکات و داهاتی نەوتی فرۆشراوی هەرێمی کوردستان زۆر زیاتر دەبێت. ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە، بەغدا ئامادەیە رێژەی 6% تاوەکو 9% قازانجی کۆمپانیاکان بدات لەکاتی فرۆشتنی نەوتی بەرهەمهاتوو بە نرخی برێنت یان نا؟ چونکە تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت و وەبەرهێنان لەو کێڵگانەدا بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت دروستە و گۆڕانکاری لە ژمارەکان یان رێژەکەیدا بۆ خەرجی بە هەر شێوەیەک بێت، پەیوەستە بە سیاسەتی دارایی و سەرمایەگوزاریی کۆمپانیاکە، تاوەکو ئەوەی لەبەر هەرێمی کوردستان یان بەغدا ژمارەکان زیاد و کەم بکرێت.
ئەوەی سەرنجڕاکێشە، دانانی 16 دۆلار لەلایەن حکومەتی عێراق و هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی لەلایەن پەرلەمان لە ماوەکانی رابردوودا و جێگیرکردنی لە رێککەوتنە سێقۆڵییەکەدا بۆ کۆی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ کۆمپانیاکان لەخۆیەوە نەهاتووە، بەڵکو لەسەر بنەمای فرۆشتنی بە نیوخۆ بووە، چونکە لەو 30 مانگەدا هەناردە راگیرابوو بە تێکڕا نەوتی بەرهەمهاتووی هەرێمی کوردستان بە 30 دۆلار فرۆشراوە.
لە کۆتاییدا، ئەگەر لە داتای کۆمپانیاکانەوە چاو لێبکەین، ئەوا بۆ فرۆشتنی بەرمیلێک نەوت چ بە 62.7 دۆلار یان بە 27.8 دۆلار بووبێت، ئەوا رێژەی قازانجی کۆمپانیاکان و کۆی تێچووی بەرهەمهێنانیان بەلەبەرچاوگرتنی تێچووی وەبەرهێنان دیارە، بۆ نموونە پێش داخستنی بۆریی نەوتی جەیهان لە ئاداری 2023، بە تێکڕا کاتێک بەرمیلی نەوت بە 62.57 دۆلار فرۆشراوە، تێچووەکەی بە هەردوو جۆرەکە و قازانجەوە بۆ کۆمپانیاکان 23.43 دۆلار بووە، بۆ هەرێمی کوردستان 39.14 دۆلار دەبێت، بەڵام ئەگەر بە نرخی برێنت کە 91.18 دۆلار بووە، ئەوا کۆی تێچوو و قازانجی کۆمپانیاکە لە بەرمیلێک 25.79 دۆلار دەبوو، بەڵام پشکی هەرێمی کوردستان بۆ بەرمیلێک 66.4 دۆلار دەبوو. ئێستا کە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی عێراق "سۆمۆ،" نەوتی هەرێمی کوردستان دەفرۆشێت، با بزانین چۆن دەبێت بۆ هەرێمی کوردستان و وەبەرهێنان لەم کەرتەدا. ئەی کۆمپانیای وودماکینزی لەبارەی خەرجی تێچووی بەرهەمهێنان، وەبەرهێنان و قازانجی کۆمپانیاکانەوە چەند دیاری دەکات، بە لەبەرچاوگرتنی گرێبەستەکانی کێڵگە نەوتییەکان؟
مەحمود بابان نوسیویەتی..
|