عێراق چۆن مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەران دەستکاری دەکات؟
2 کاتژمێر پێش ئێستا
28 جار خوێنراوەتەوە
دابین کردنی مووچە گرفتی بۆ دروست دەبێت؟
حکومەتی عێراق دەیەوێت "دادپەروەری" لە مووچەدا بکات و دەستکاری سیستمی دەرماڵە دەکات. راوێژکارێکی سوودانی ئاشکرای دەکات، تەنیا باج لەسەر مووچەی بنەڕەتی هەیە و 67%ـی داهاتی فەرمانبەران لە باج بەخشراوە، بۆیە دەبێت یاساکان هەموار بکرێنەوە.
ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە و لیژنەیەکی تایبەتمەندی لە وەزارەتی پلاندانان راسپارد بۆ نوێکردنەوەی راپۆرتی تایبەت بە "یەکخستنی خشتەی مووچەو دەرماڵەی فەرمانبەران.
مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەمیدیاکانی راگەیاند، قەبارەی خەرجییەکانی مووچە، خانەنشینی و تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی مانگانە نزیکەی 8 تریلیۆن دینارە، بەڵام کێشەیەکی گەورە لە پرۆسەی وەرگرتنی باجدا هەیە.
راوێژکارەکەی سودانی دەڵێت: "هەر چاکسازییەکی ئابووری، بە کۆتوبەندی سیستمی پشک پشکێنە و دابەشکاریی سیاسییەوە بەستراوەتەوە بۆیە بەبێ چاکسازییەکی سیاسی، هیچ مۆدێلێکی گەشەپێدان سەرکەوتوو نابێت."
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت "ئێستا کاتی دەستکاریکردنی خشتەی مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەرانە."
بەپێی قسەکانی سوودانی، 34 یاسا و بڕیاری تایبەت بە مووچە هەن، کە پێویستیان بە هەموارکردنەوەیە، بەتایبەت ئەوانەی دەرماڵەی زیادە دەدەن کە هەندێکجار زیاترە لە 60%ـی مووچە.
هاوکات جەمال کۆچەر، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق بە ٧ڕۆژی راگەیاند، ساڵی رابردوو خەرجی 160 تریلیۆن دینار و داهات 137 تریلیۆن دینار بووە، واتە 23 تریلیۆن دینار کورتهێنان هەبووە.
ئاماژە بەوەشدەکات: "کێشەی عێراق داهات نییە، بەڵکو بەڕێوەبردنە، لەوانە: جیاوازیی مووچە، میلیشیاکان، دەروازەکانی سنوور و گەندەڵی." رەتیشیکردەوە عێراق تووشی قەیرانێکی قووڵی گەورە ببێتەوە وەک لوبنان، چونکە عێراق داهاتی هەیە وەک نەوت، بەڵام دەبێت سەرچاوەکانی داهاتی نانەوتی زیاتر بکرێن.
ئەوەش لەکاتێکدایە هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن عێراق کێشەی نەختینەی هەیەو دابەزینی نرخی نەوتیش گرفتی گەورەی دارایی و ئابووری بۆ عێراق درووست دەکات بەشێوەیەک زۆرێک لە سیاسیەدەسەڵاتدارەکان باس لەوەدەکەن لە ساڵی نوێوە عێراق بەزەحمەت دەتوانێ مووچەی فەرمانبەرانی دابین بکات و پێویستی بەوەدەبێت بۆ ئەو مەبەستە قەرز بکات.
|