پارتی و میدیاکانی ، بافڵ تاڵەبانی بەچی تۆمەتبار دەکەن؟
2 کاتژمێر پێش ئێستا
698 جار خوێنراوەتەوە
گەلی کورد یەکە .. یەکە.. یەکە.. یەکە..
ئەمە دروشمی گەورەو بچوکی هەموو کورد زمانێکە لە سەرتاسەری جیهان.. لە کوردستان دڵخۆشی هەمووان بە یەکریزی و یەکدەنگی کورد گوڕوتنێکی نوێی بە نیشتمان و کوردستان داوە.
بەڵام جارێکی دیکە ململانێی نێوان یەکێتی و پارتی و سازش نەکردنیان بۆ یەکتری خەریکە درز دەخەنەوە ناو ئەو یەکریزییەوەی کوردان و چەندین تۆمەت ئاراستەی یەکتری دەکەن.
لەسەر پۆستەکانی بەغدا میدیاکانی پارتی و نزیک لەپارتی هەوڵێکی یەكێتی نیشتمانی و بافڵ تاڵەبانی ئاشکرادەکەن کە بە ئەمریکییەکانیان راگەیاندوە هۆکاری پشتیوانی کردنی پارتی لە نوری مالکی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق نیگەرانی و توڕەییان بووە لە سیاسەتی ئەمریکا بەتایبەت لەبارەی رۆژئاوای کوردستان هەر بۆیە پارتی بە پلان و بەرنامە هەڵوێستی توندی دژی ئەمریکا نواندووە و پشتیوانیی نوری مالکی کردووە.
کەناڵ و میدیاکانی پارتی ئەوەشیان راگەیاندووە یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەسەڵاتدارانی ئێرانیان لە چەند هەنگاوێکی مەترسیداری پارتی ئاگادار کردووەتەوە کە گوایە دژی بەرژەوەندییەکانی ئێرانە لە ناوچەکەدا ئەوەش بۆ ئەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵوێستێکی توند دژی پارتی وەربگرێت.
هاوکات میدیاکانی یەکێتیش ماوەیەکە بە وردی و توندی هێرش دەکەنە سەر پارتی دیموکراتی کوردستان و کەسی یەکەمی ئەو حزبەو بەرپرسانیان و ناراستەوخۆ بە پیلان گێڕان لە دژی رۆژئاوای کوردستان تۆمەتباریان دەکەن.
بە تاکڕەو دیکتاتۆریش لە حکومرانیکردنی هەرێمی کوردستان ناویان دەهێنن.
جگەلەوەش چەندین بەڵگەنامە و دۆسیەو کاروبار و بڕیاری حکومەت و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بڵاودەکەنەوەو وەک کەموکورتی باسی لێوەدەکەن.
پارتی و بەرپرسانی ئەو حزبە هەوڵ و هەنگاوەکانی یەکێتی و خودی بافڵ تاڵەبانی بە تێکدانی یەکریزی کورد و یەکدەنگی ناوماڵی کورد لێکدەدەنەوەو تۆمەتبارئ دەکەن.
تەنانەت بەرپرس و دەسەڵاتدارانی پارتی هەندێ لە هەنگاوو جوڵەکانی یەکێتی و سەرۆکەکەی بە دژی بەرژەوەندییەکانی کورد و هەڵوێستی دووڕوویی باس دەکەن.
ئەم شەڕە سارد و میدیاییەی نێوان پارتی و یەکێتیی و یەکتر تۆمەتبار کردنە لەمکاتەدا بۆتە جێگای نیگەرانی هەموو هاوڵاتییەکی کورد لەم جیهانەدا کە بە بوونی یەکدەنگی و یەکرەنگی کوردان دڵخۆش و گەشاوە بوون بەڵام جوڵەکانی ئەم دوو حزبە خەریکە دلخۆشیەکان تێکدەدەن و یەکریزی کوردان سارد دەکەنەوە.
|