دادگای فیدراڵی بڕیارێکی سەردەمی بەعسی هەڵوەشاوەندەوە
2026-10-27
536 جار خوێنراوەتەوە
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا بە نا دەستووریبوونی بڕیارێکی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی هەڵوەشاوە، کە پێشتر ڕێگریی دەکرد لە تەمەلوککردن و وەبەرهێنانی سەرمایەی کەسانی ناعێراقی (بیانییەکان) لە کۆمپانیاکانی ناوخۆی عێراقدا.
بەپێی ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی، ئاسانکاریی و ڕێگەخۆشکردنی یاسایی بۆ کەسانی بیانی و ناعێراقی دروست دەبێتەوە بۆ ئەوەی بتوانن سەرمایەکانیان لە کۆمپانیا و پڕۆژەکانی ناو خاکی عێراقدا وەبەرهێنانی پێوە بکەن و خاوەندارێتی بکەن.
بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی ئەو بەربەستە یاساییە کۆنەی لابرد کە پێشتر ڕێگری دەکرد لە تەمەلوککردن و وەبەرهێنانی سەرمایەی بیانی لە کۆمپانیاکاندا، واتە بنەمای یاسایی بۆ وەبەرهێنانی بیانی ئێستا کراوەیە.
لەگەڵ ئەوەشدا، پرۆسەی وەبەرهێنانی بیانی لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا هێشتا مەرج، ڕێکار، و مۆڵەتی فەرمی لەخۆدەگرێت (وەک مۆڵەتی دەستەی وەبەرهێنان، تۆمارکردنی کۆمپانیا لە وەزارەتی بازرگانی، پابەندبوون بە یاساکانی باج، و ڕێکارە ئەمنی و یاساییەکانی تری وەک وەرگرتنی ڤیزا و ئیقامەی بازرگانی).
بە شێوەیەکی گشتی بیانییەکان مافی وەبەرهێنانیان دەبێت، بەڵام ئەمە بە مەرجی جێبەجێکردنی ڕێکارە فەرمی و یاساییەکانی دەوڵەت و دەستەی وەبەرهێنان دەبێت، نەک بە شێوەیەکی بێ مەرج و کۆنترۆڵنەکراو.
ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش (مجلس قيادة الثورة) لە عێراقدا، بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردان و یاسادانان و جێبەجێکردن بوو لە سەردەمی دەسەڵاتی حزبی بەعسدا (لە نێوان ساڵانی ۱۹٦۸ تا ۲۰۰۳).
|