بودەڵەکانی عێراق

ئاسۆ عەبدوللەتیف 07/06/2025   930 جار خوێنراوەتەوە

لەعێراقدا حیزبی بەهێزو پیاوی بەهێزو کاریزمیی، یەک دوو کەسن زۆرنین وەلێ بودەڵەو نۆکەرەکان زۆرن، بۆیە ئەم دۆخە ئاڵۆزەی هەرێم_بەغداد، بۆ پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنی ئایندەیەو فشارو زاهیرەی سەوتی و هاش و هوشی میدیاییە.

لە عێراقدا، دەبێ حیزبی دوو ستراتیژی سەرەکی بیت بۆ مانەوەو دەستشکانەوەو شاخگیرکردن، دەبێ حیزبی مێژووکردو حیزبی سەرمایە بی، دەبێ بە دووجۆریش پیاوی سیاسەتکردن بی، پیاوی ناو تەحەدیاتەکان و پیاوی دەنگدەرو کورسی ناو پەڕلەمان، میلیشیاگەریی و هەڕەشە هیچ قیمەتێکی نیەو نەماوە خاسەتەن دژی کوردو هەرێمی کوردستان.

جا ئەم محەمەد شیاع سودانییە کە بەپشتیوانی کورد بوویە سەرۆک وەزیر هیچ یەک لەو هێزو ستراتیژانەی نەبوو، ئێستاش نیەتی، نەحیزبی بەهێزی هەیەو نەجەماوەرو کورسی و نەکاریزما، بۆیە کەسایەتی بۆش و بودەڵە ترسی نییە بۆ کوردو ئایندەکەی، لە عێراقدا تەنها نوری مالیکی و موقتەدا سەدر پیاوی هێزو مانۆڕو سیاسەت و ستراتیژیی دوورمەودان، هەمان کات پیاوی هەڵبژاردن و کورسین، کورد دەبێ تەنها لەگەڵ ئەو دوو تەڕەفە بکەوێتە مامەڵەو گفتووگۆ، ئەوانی تری وەک سودانی و خەزعەلی و حەلبوسی و عەبادی گیای بەهارەن، هیچ ئەرزشێکی مانەوەیان نییە، پیاوی مانۆڕو تەکنیک و ستراتیژو قوڵایی ناو کایەکانی سیاسەت نین، ئەم دۆخە بۆ کورد سەختە بەس مەترسیدارنیە بۆیە کورد نە سازش دەکات و نەپاشەکشەو لە ملکەچیی.

لەکۆمێنت ژمارەی کورسی پێکهێنەرانی حکومەتی عێراق و لایەنە بەشداربووەکانی ناو هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت و کورسی هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢١ دادەنێم، هەر بۆ بیرخستنەوەی هەندێک بۆئەوەی سەنگی فاشیستەکان و فووتێکراوەکان بزانن کە چەندە ئاستی جەماوەریان نزمە.

پێکهێنەری سەرەکی حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانیی بریتیە لە هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت، چوارچێوەی هەماهەنگیی و سوننەکان و کورد. دەوڵەتی یاسا ٣٨ کورسی، هاوپەیمانی فەتحی هادی عامری ٣٣ کورسی.هاوپەیمانی سەروەری سوننەکان بە ٦٠ کورسی بەشداربوون، حەلبوسی و خمیس خەنجەرو دواتر تەفرەقەیان تێکەوت. کوردەکان بە 49 کورسی یەکێتی و پارتی، سەربەخۆکان بە ٣٠ کورسی و هاوپەیمانی عەزمی نیشتیمانی سوننەکان، ١٤ کورسی، لیستی عەقدی نیشتیمانی ٨ و تەسمیم ٧و نەهج ٥ و بابیلۆن ٤کورسی.

هێزە بەرهەڵستکارو ئۆپۆزسیۆنەکەی حکومەت بریتی بوو لە، قائیمەی ئیمتیداد ١١ کورسی و هێزەکانی دەوڵەت ١١ و نەوەی نوێ ٩ کورسی و ئیشراقیەی کانون ٧ کورسی و یەکگرتووی ئیسلامی ٤ کورسی و دادگەری ١ کورسی.

ئەو سودانیە وابزانم بە یەک کورسیەوە بوو بەسەرۆک وەزیران و هەڵۆکە بەسەر شانیەوە نیشتەوە، بۆیە سەرۆک وەزیرانی ئایندە ئەوەندەی بەرمەبنای گەمەو هێزو مانۆڕی موخابەراتی و گرێبەستی و تەواوقاتی سیاسی ئێران و تورکیاو ئەمریکایە ئەوەندە هێزی خۆت نییە.