فارس عیسا: پۆستی سەرۆککۆماری عێراق مافی پارتییە

2   کاتژمێر پێش ئێستا  149 جار خوێنراوەتەوە

فارس عیسا، ئەندامی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا رایگەیاند، ''دوو رۆژە زنجیرەیەک دیدارمان لەگەڵ سەرجەم برادەرانی شیعە، سوننە، بەڕێزان سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیران و هەروەها کەسایەتییەکانی دیاری گۆڕەپانی سیاسی کردووە.''
 
ئەو ئەندامەی شاندی پارتی  لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بە پۆستی سەرۆککۆماری عێراق کرد کە تا ئێستا وەک نەریتێک پشکی کورد بووە و لەنێو لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانیشدا بەر یەکێتی کەوتووە و گوتی: ''تاوەکو ئێستا لەنێوان پارتی و یەکێتی باسی ئەو پۆستە نەکراوە. ئەو سەردانەشمان، بۆیە کردووە بۆ ئەوەی بزانین بۆچوونی لایەنە سیاسییەکان چییە.''
 
فارس عیسا وتی: ''گرنگ نییە کێ بۆ پۆستی سەرۆککۆمار دیاری دەکرێ، بەڵکو بنەماکان گرنگن. ئەو کەسەی وەک بەربژێر دیاری دەکرێ، دەبێ نوێنەرایەتیی هەموو خەڵکی کوردستان بکات و باشترە [لایەنە کوردستانییەکان] لەسەری رێکبکەوین.''
 
بەوتەی ئەو ئەندامەی شاندی پارتی لە بەغدا، پۆستی سەرۆککۆمار پشکی کوردە و ''ئەگەر بە شایستەی هەڵبژاردن بێت، لەنێو کوردیشدا مافی پارتییە.''
 
فارس عیسا راشیگەیاند، بۆچوونی لایەنە سیاسییە سوننە و شیعەکان بەرامبەر بە کورد ''باش'' بووە و لە بەغدا کۆبوونەوەکانیان بە باشی بەڕێوەچوون.
 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە