شەپولێکی گەرمای بەهێز ڕوو لە هەرێم دەکات
16 کاتژمێر پێش ئێستا
166 جار خوێنراوەتەوە
لە ناوەڕاستی ئەم مانگەوە شەپۆلێکی گەرمای بەهێز ڕوو لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و لەگەڵیشیدا خێرایی با بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات، وتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراقیش دەڵێت "خۆڵبارین لە رۆژانی داهاتوودا بەردەوام دەبێت
سالار حاجی عەلی، شارەزای کەشناسی سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا بە ٧ڕۆژی ڕاگەیاند، ڕۆژانی ١٠ بۆ ١٥ ـی مانگی تەمموز شەپۆلێکی گەرمای بەتین ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات و لەگەڵیشیدا خێرایی با زیاد دەکات و لە ناوچەکانی گەرمیان پلەی گەرما دەگاتە ٥٠ پلەی سیلیزی.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە هەفتەی داهاتووەوە هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێرکاریگەری بای باکووری خۆرهەڵات و بای باکوورەوە، هاوکات خێرایی با بۆ سەروو ٣٠ كیلۆمەتر لە کاتژمێرکدا زیاد دەكات.
سالار حاجی عەلی وتیشی: سەرچاوەی ئەم شەپۆلە گەرمایە زەریای هیندی و بەشێکی دیكەی لە ئەفریقاوە دێت، لەناو شارەکان پلەی گەرمی ٤٣ بۆ ٤٨ پلە دەبێت، لە ناوچە شاخاوییەکانیش ٢٧ بۆ ٤٢ پلە دەبێت.
هاوکات عامر جابری، وتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق رایگەیاند: "خۆڵبارین لە رۆژانی داهاتوودا بەردەوام دەبێت، بەڵام چڕییەکەی لە پارێزگایەکەوە بۆ پارێزگایەکی دیکە جیاواز دەبێ و شەپۆلەکە لە خوارووی عێراق چڕتر دەبێت."
لەبارەی کاریگەریی شەپۆلەکە لە هەرێمی کوردستان، عامر جابری وتی: "پێشبینی خۆڵبارینی زۆر چڕ ناکرێت، بەڵام خێرایی با کە چاوەڕوان دەکرێت گۆڕانکاری بەسەردا بێت، کاریگەری لەسەر ئاستی چڕییەکەی دەبێت."
|