جەنگی ئێران و ئیسرائیل سەر هەڵدەداتەوە؟
2025-07-02
465 جار خوێنراوەتەوە
ئاماژەکانی دەستکردنەوە بە جەنگی ئێران و ئیسرائیل دەرکەوتوون و پێشبینی دەکرێت جارێکی دیکە هێرش بۆ سەر تاران دەست پێ بکاتەوە.
سوپاسالاری نوێی ئێران دەڵێت، گومانی جیدییان لە پابەندبوونی ئیسرائیل بە ئاگربەستەوە هەیە و "بە هەموو هێزمانەوە ئامادەی بەرپەرچدانەوەین".
عەبدولڕەحیم موسەوی سوپاسالاری نوێی ئێران رایگەیاندووە گومانیان وایە کە ئیسرائیل نیازی هێرشی نوێی هەبێت بۆیە خۆیان بۆ هەر ئەگەرێک ئامادە کردووە.
جیا لەوە شارەزایانی ناوخۆی ئێران باس لەوە دەکەن ترەمپ بە راگرتنی جەنگەکە تەنیا ئامانجی ئەوە بووە رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ وڵاتەکەی لەگەڵ سوپای پاسداران رابگرێت، لە ئەگەری هەڵگیرسانەوەیدا بە کردەوەیەکی تاک لایەنانەی ئیسرائیل لە قەڵەمی بدات.
لە کاتی بۆردوومانی ئەمریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران و لە کاتی وەڵامدانەوەی ئێرانیش بۆ سەر بنکە سەربازییەکەی ئەمریکا جۆرێک رێککەوتنی پێشوەختە هەبوو.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەوەتەی گەڕاوەتەوە کۆشکی سپی بەردەوام نەیارەکانی خستوەتە تەڵەوە بۆیە پێشبینی دەکرێت ئەمجارەش ئێران لە ژێر ناوی رێککەوتن لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی بخاتەوە تەڵەوە.
ترەمپ پێشتر بەردەوام لێدوانەکانی بەو ئاڕاستە بوون کە دەرفەت دەداتە ئێران تا بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ بەڵام لە پڕێکدا ئیسرائیل هێرشەکەی ئەنجامدا.
لێدوانەکانی ئەم دواییەی بەرپرسانی ئەمریکا و ئیسرائیل ئاماژەن بۆ ئەگەری دەستکردنەوە بە جەنگەکە بە تایبەت کاتێک زانیاری ئەوە ئاشکرا بوو کە بۆردوومانەکانی ئەمریکا وەک ئەوەی بانگەشەی بۆ کراوە کاریگەری دانەناوە.
جیا لەوە میدیاکانی ئیسرائیل بەردەوام باس لەوە دەکەن کە ناتەنیاهۆ ئامانجەکان لە هێرشەکانی ئێران بەدی نەهاتوون بە تایبەت لە لەناوبردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران.
عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران چەند جارێک جەختی لەوە کردووەتەوە کە وڵاتەکەی دەست لەبەرنامە ئەتۆمییەکەی هەڵناگرێت لە بەرانبەریشدا سەرۆکی ئەمریکا بە روونی ئەو پەیامەی داوە ئەگەر ئێران دەست بە پیدانی یۆرانیۆم بکاتەوە هێرشی دەکەنەوە سەر.
هەموو ئەمانە وایکردووە، ئێران پێشبینی لە هێرشی نوێی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەی بکات بۆیە پەنا بۆ کڕینی فڕۆکەت جەنگی نوێ لە چین دەبات و لەگەڵیشیدا ئاسمانی وڵاتەکەی بە ڕووی فڕۆکەخانەکانیدا بە تەواوی نەکاتەوە.
|