حکومەتی عێراق بڕیاری ناردنی مووچەی هەرێمی کوردستانی نەدا
6 کاتژمێر پێش ئێستا
324 جار خوێنراوەتەوە
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا لەبارەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری نەدا، بەڵام بڕیاری دا لیژنەیەکی باڵا بۆ دانوستاندن لەگەڵ هەرێمی کوردستان پێکبهێنێت.
سەرچاوەیەک لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند: "بڕیاردرا لیژنەیەک لە 5 وەزیر پێکبهێندرێت بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان. ناردنی مووچە بە ئەنجامی گفتوگۆکانی ئەو لیژنەیە گرێ دراوە."
لیژنەکە پێکهاتووە لە:
- محەممەد تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانان
- بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن
- خالید شوانی، وەزیری داد
- ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستی
- نەعیم عەبوودی، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی
بەنگین رێکانی لە پارتی دیموکراتی کوردستان و خالید شوانی لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەندامن.
سەرچاوەکە وتی، هەرکاتێک لیژنەکە لەگەل هەرێمی کوردستان گەیشتە رێککەوتن، ئەوا کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێت و بڕیار لە ناردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەدرێت.
بەگوێرەی سەرچاوەکە بۆچوونی جیاواز لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق هەیە و تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لەوە کردوەتەوە، بەم شێوەیەی ئێستا ئامادەنییە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات.
|