عێراق چۆن کەوتووەتە بەر ئەگەری سزاکانی ئەمریکاوە؟

4   کاتژمێر پێش ئێستا  110 جار خوێنراوەتەوە

دەستوەردانە بەردەوامەکانی ئێرانییەکان لە دۆسیەی نەوتی عێراق مەترسی جددی لەسەر بەغدا دروستکردووە بە جۆرێک نەک هەر ئەگەری هێرشی سەربازیی بۆ سەر دامەزراوەکانی هەیە بەڵکو مەترسی رووبەڕووبوونەوەی سزاکانی واشنتۆنی لەسەر دروستبووە.

بەم دواییانە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا زنجیرەیەک سزای نوێی دژی کۆماری ئیسلامی ئێران و چەند بازرگانێکی عێراقی کە کوردی هەرێمی کوردستانیشیان لە نێواندایە دەرکردووە ئەوەش ئەوەندەی دیکە بەغدای لە دەرگای سزاکانی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا نزیک کردووەتەوە.

لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا چەند جارێک میدیا ئەمریکییەکان ئەوەیان ئاشکرا کردووە تۆڕێکی بەرفراوانی قاچاخچی ئێرانییەکان لە عێراق دەست بەکاربوون و رۆژانە نەوتی ئێران بە ناوی عێراقەوە لە بازاڕەکاندا ساغ دەکەنەوە.

بە گوێرەی زانیاریییەکان ئەم نەوتە لە رێگەی کەشتییەوە هەناردە دەکرێت و لەناو ئاوەکاندا ئاڵوگوڕ بە کەشتییە نەوتییەکان دەکرێت و پاشان وەک نەوتی عێراق دەفرۆشرێت ئەوەش بۆ ئەوەی کڕیارەکان لە سزاکانی ئەمریکا بیپارێزرێن.

ئەوە جگە لەوەی هەر لە ناوخۆی عێراق تۆڕێکی جیاواز سەرقاڵی قاچاخچێتین و لە رێگەی فرۆشتن و بە قاچاخ بردنی نەوتەوە دۆلار بۆ ئێران و لوبنان دەگوازنەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکان، عێراق بووەتە یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی دابینکردنی داهات بۆ گرووپە میلیشیاکان کە لای ئەمریکا وەک گرووپی تیرۆرستی ناسراون.

بوونی ئەم گرووپانەی قاچاخ لەناو عێراقدا ترسی ئەوەی هەیە کە دامەزراوە نەوتی و بانکییەکانی بەغدا رووبەڕووی سزا داراییەکانی ئەمریکا بکاتەوە بەوەش قەیرانێکی سەختی ئابوری بهێنێتە ئاراوە.

هەفتەی رابردوو وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا چەند بازرگانێکی عێراقی لەسەر ئەو دۆسیەیە خستە ناو لیستی سزاکانیەوە کە باس لەوەدەکرێت بەشێکیان کوردبن.

یەکێک لەو سێکتەرانەی کە بووەتە جێگای نیگەرانی ئەمریکییەکان نەوتی هەرێمی کوردستانە کە ئێستا بە قاچاخ هەناردەی ئێران و تورکیا دەکرێت.

هەرچەندە بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رەتی دەکەنەوە ئەوەی بە تانکەر دەڕوات نەوت بێت بەڵکو دەڵێن پێکهاتەی نەوتی پاڵێوراوە.

بەڵام بە گوێرەی زانیاریی میدیاکان و قسەی چەند پەرلەمانتارێک، لە ژێر ناوی پێکهاتەکانی نەوتدا، نەوتی خاو دەکرێتە ئەو تانکەرانەوە و هەناردەی ئێران دەکرێت ئەوەش وایکردووە ئەمریکا فشار لە بەغدا بکات بۆ دەستکردنەوە بە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە