مەزڵووم عەبدی، ئەحمەد شەرع و تۆم باراک کۆدەبنەوە
11 کاتژمێر پێش ئێستا
110 جار خوێنراوەتەوە
بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا؛ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە دیمەشق کۆببنەوە.
میدیای سووریا بڵاویکردەوە، بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا تۆم باراک، ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی کۆببنەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات، کە لە ئاداری رابردوودا واژۆیان کرد.
میدیای سووریا دەڵێت، پێش کۆبوونەوە سێ قۆڵییەکە مەزڵووم عەبدی و تۆم باراک کۆدەبنەوە، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە شوێنی کۆبوونەوەکە بکات.
وەکو میدیای سووریا دەڵێت، کۆبوونەوە سێ قۆڵییەکە سەرنجی لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ی ئاداری نێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی دەبێت. بەگوێرەی رێککەوتنەکە، هەسەدە و دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر تێکەڵ بە دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریا دەکرێن.
میدیای سووریا ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەگەر هەیە هەندێک لە بڕگەکانی رێککەوتنەکە لەسەر داوای هەسەدە و بە رەزامەندیی واشنتن گۆڕانکارییان تێدا بکرێت، بەتایبەتی سەبارەت بە ماوەی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەکە، کە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ دیاریکراوە، هەروەها ئەنجامدانی گۆڕانکاریی پەیوەست بە داواکارییەکانی کورد لە سووریا.
هەروەها میدیای سووریا ئەوەشی خستووەتەڕوو، فەرەنساش شانبەشانی ئەمریکا بەشداری لە چاودێریکردنی جێبەجێکردنی بڕگەکانی رێککەوتنی نێوان هەسەدە، حکومەتی سووریا و رێگریکردن لە دروستبوونی هەر گرژییەک لەنێوان ئەو دوو لایەنەدا دەکات.
بڕیارە نێردەی ئەمریکا دۆسیەی هەماهەنگی نێوان هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، حکومەتی سووریا و هەسەدەش لە چوارچێوەی رووبەڕووبوونەوەی داعش لە سووریا تاوتوێ بکات.
|