وەزارەتی داد زیاتر لە دوو هەزار زیندانی دیکە ئازاد دەکات

11   کاتژمێر پێش ئێستا  303 جار خوێنراوەتەوە

تەنیا لەمانگی حوزەیران/6ی ئەمساڵدا 2 هەزار و 195 زیندانی دیکە لە گرتووخانەکانی عیراق ئازادکراون و وەزارەتی  ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراقیش ئاشکرایدەکات :" تائێستا نزیکەی 28 هەزار زیندانی بە یاسای لێبوردنی گشتی ئازادکراون".


وەزارەتی دادی عیراق لە راگەیەندراوێکدا ئازادکردنی 2 هەزار و 195 زیندانی لە مانگی حوزەیران ئاشکراکرد و دەڵێت:" کۆی گشتی ئەو زیندانیانەی لە مانگی حوزەیران لەلایەن دەزگای چاکسازی عیراقەوە ئازادکراون، گەیشتووەتە (2195) زیندانی لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە".

ئاماژە بەوەشدەکات "لە نێو ئەوانەی ئازادکراون (375) زیندانی هەبوون کە بە پارێزبەندی ئازاد کراون، بە بڕیاری جیاکاری، یان بەهۆی تەواوبوونی سزاکەیان، هاوکات (1819) زیندانی بە پشتبەستن بە یاسای لێبوردنی گشتی ئازاد کراون".

ئەنجومەنی باڵای دادوەری عیراقیش لە راگەیندراوێکدا دەڵێت:" کۆی ئەو زیندانیانەی بەپێی یاسای لێبوردنی گشتی لە زیندان و ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن ئازادکراون گەیشتووەتە 27 هەزار و 974 زیندانی."

راشیگەیاندووە :" ژمارەی ئەو کەسانەی کە بەشداربوون، لەنێویاندا تۆمەتبارەکان کە فەرمانی دەستگیرکردن یان بانگهێشتکردنیان هەیە، یان ئەوانەی کە بە کەفالەت ئازادکراون یان ئەوانەی کە بە غیابی سزا دراون، گەیشتە 119 هەزار و 315کەس".

بەگوێرەی راگەیەندراوی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی کۆی گشتی ئەو پارەیەی کە بەهۆی بڕیاری لێبوردنەوە دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی، گەیشتووەتە 22 ملیار و  374 ملیۆن و 631 هەزار و 195 دینار.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە