بەرپرسێکی باڵای حەماس: ئاسایشی غەززە لەدەست خۆمان دەبێت و چەک دانانێین

9   کاتژمێر پێش ئێستا  47 جار خوێنراوەتەوە

بەرپرسێکی باڵای بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، بزووتنەوەکەیان دەسەڵاتی ئاسایشی کەرتی غەززە رادەست ناکات. ئاماژە بەوەش دەکات، گرووپەکەیان ناتوانێت پابەند بێت بە چەکدانان.
 
محەممەد نەزەل، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، گرووپەکەیان ئامادەیە بۆ واژۆکردنی ئاگربەستێکی 5 ساڵە بۆ بونیاتنانەوەی کەرتی غەززەی وێرانکراو.
 
ئەو بەرپرسە باڵایەی حەماس کە لە شاری دەوحەی پایتەختی قەتەر نیشتەجێیە، بەرگریی لە رێوشوێنە تووندەکەی حەماس کرد کە لەدوای واژۆکردنی رێککەوتننامەی غەززە، چەکدارانی ئەو گرووپە بە ئاشکرا و لەسەر شەقامەکان، نەیارەکانیان بە تۆمەتی "خیانەتکردن" دەکوژن.
 
ئەو دەڵێت، "لەکاتی جەنگیشدا هەمیشە رێوشوێنی نائاسایی هەبووە و ئەوانەی کوژراون، تاوانبارن بە کوشتن."

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا حەماس دەستبەرداری چەک دەبێت، نەزال وتی، "ناتوانم بە بەڵێ یان نەخێر وەڵام بدەمەوە. راشکاوانە بڵێم، ئەوە بەندە بە سرووشتی پرۆژەکە. ئەو پڕۆژەیەی کە تۆ باسی دەکەیت، مانای چییە؟ چەکەکان دەدرێنە دەست کێ؟"
 
نەزال ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو بابەتانەی لە قۆناغی داهاتووی دانوستانەکاندا تاوتوێ دەکرێن، لەوانە چەکدانان، تەنیا پەیوەندیی بە حەماسەوە نییە، بەڵکو پەیوەستە بە تەواوی گرووپە چەکدارەکانی دیکەی فەلەستین، بۆیە پێویستە هەمووان بگەنە یەک هەڵوێستی هاوبەش.
 
لەبارەی چەکدانانی حەماس و ئاییندەی ئەو گرووپە لە غەززە، رۆژی پێنجشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "ئێمە بەڵێنمان لەوان [حەماس] وەرگرتوو و پێموایە پێوەی پابەند دەبن."
 
ئەو بەرپرسەی حەماس دەڵێت "ئەمە قۆناغێکی راگوزەرە و ئیدارەیەکی سڤیل و تەکنۆکرات دەبێت، بەڵام وەک گوتم لەسەر ئەرزی واقیع، حەماسیش ئامادەیی دەبێت،" ئاماژە بەوەشکرد، دوای قۆناغی راگوزەر، دەبێت هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت.
 
لەگەڵ ئەوەش، نەزال رایگەیاند، لایەنەکانی نێوەندگیر، هیچ گفتوگۆیان لەگەڵ حەماس نەکردووە، لەبارەی پێکهێنانی هێزێکی نێودەوڵەتی بۆ چاودێریکردنی ئاسایش و پاراستنی سەقامگیریی  غەززە، کە یەکێکە لە خاڵەکانی نێو پلانی ئاگربەستی ترەمپ.
 
نەزال وتیشی "حەماس لە کۆبوونەوەکاندا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا ئاگربەستێکی درێژخایەنی لە غەززە پێشنیاز کردووە و داوای ئاگربەستی سێ بۆ پێنج ساڵیمان کردووە، بەمەبەستی بونیاتنانەوەی کەرتی غەززە. نەک ئامادەکاریی بۆ گەڕێکی نوێی جەنگ."


   ئەمانەش بخوێنەرەوە