وەزارەتی پێشمەرگە: هیچ کەموکوڕییەک لە خواردنی پێشمەرگەدا نییە
8 کاتژمێر پێش ئێستا
91 جار خوێنراوەتەوە
عوسمان ریشە، بەرپرسی راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت: "دەنگۆی خراپیی خواردنی پێشمەرگە لە سەنگەرەکان رەتدەکەینەوە و شتی وەها هەرگیز راست نییە. لە هەر کوێیەکیش بابەتێکی وەها هەبێت، لیژنە پێکدەهێنین و بە زووترین کات کێشەکە چارەسەر دەکەین."
بە وتەی بەرپرسی راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە، هەموو لیواکان مانگانە ئازووقەیان پێدەدرێ و ئەوانیش بەسەر فەوجەکاندا دابەشی دەکەن.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەدا، ئازووقەکە هەموو مانگێک بەدروستی دەگەیێندرێتە جێگەی خۆی و هیچ یەکەیەکی سەربازی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە لێی بێبەش ناکرێ.
عوسمان ریشە وتی، لە هەر لیوا، فیرقە، فەوج و سەنگەرێك کێشەیەکی وەها هەبێت، دەستبەجێ لیژنەی بۆ پێکدەهێندرێ و کێشەکە چارەسەر دەکرێ؛ جەختی لەوەش کردەوە کە ناکرێ پێشمەرگە خواردنی خراپ بێت.
بەرپرسی راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت: "پشکنینمان هەیە و هەموو چێشتخانە و خواردنەکانیش دەپشکنین. هاوکات لیژنەی هەواڵگریمان هەیە و لەسەر ئەم بابەتانە بەدواداچوون دەکات."
عوسمان ریشە دەشڵێت: "لیژنەیشمان هەیە کە ئاگاداری هەموو ئەرک و کارەکانە، ئاگاداری خواردن و هەموو جۆرەکانی خواردنیشە لە هەموو یەکە سەربازییەکان. ئێمە بەرپرسین لە دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە و یەکە سەربازییەکانی پێشمەرگە و لە هەر شوێنێک خواردنی پێشمەرگە خراپ بێت، لێی دەکۆڵینەوە و بەرپرسیارین."
وتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند: "هاووڵاتی چۆن لە ماڵەکەی خۆیدا سێ ژەم دەخوات، پێشمەرگەیش بە هەمان شێوە سێ ژەم نان دەخوات. کواڵیتیی خواردنەکەیش زۆر باشە. هەر بەرپرسێکیش کەمتەرخەم بێت، لیژنەی لەسەر پێکدەهێنین و لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکرێ."
|