نرخی وەرگرتنی بەشەخۆراکی مانگانە بۆ هەر تاکێک دەبێتە هەزار دینار

2   کاتژمێر پێش ئێستا  22 جار خوێنراوەتەوە

وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێت، نرخی وەرگرتنی بەشەخۆراکی مانگانە بۆ هەر تاکێک 1000 دینارە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هاووڵاتی ناچار نییە هیچ بڕە پارەیەکی دیکە بدات.
 
محەممەد حەنوون، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، بە میدیاکانی وتووە: "بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، نرخی وەرگرتنی بەشەخۆراکی مانگانە لە 500 دینارەوە بۆ 1000 دینار بۆ هەر تاکێک بەرزکراوەتەوە."
 
محەممەد حەنوون ئەو دەنگۆیانەی رەتکردنەوە کە باس لە کەمکردنەوەی بڕی ئاردیش دەکەن و وتی: "هیچ کەمکردنەوەیەک لە بڕی ئاردی تاکێک نییە و بەشە ئارد کە 9 کیلۆگرامە، بە تەواوی دابەش دەکرێ."
  
وەزارەتەکە داوا لە هاووڵاتییان دەکات، ئەگەر بریکارەکان داوای پارەی زیاتریان کرد، پارە نەدەن و لە رێگەی ژمارە تەلەفۆنی تایبەتەوە سکاڵاوە تۆمار بکەن. 

هاوکات لە هەرێمی کوردستان پێشتر بۆ هەر تاکێک 750 دیناری عێراقی وەردەگیرا بەڵام بە پێی بریارەکەی وەزارەتی بازرگانی عێراق لە سالێ 2026 لە هەرێمی کوردستانیش ئەو برە پارەیە بۆ هەر تاکێک دەبێتە هەزار دینار.
 
پێش گۆڕینی فۆرمی خۆراک بۆ ئەلیکترۆنی، 5 ملیۆن و 386 هەزار و 51 هاونیشتمانی لە هەرێمی کوردستان بەشەخۆراکی مانگانەیان وەردەگرت، بەڵام بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی بازرگانی، 294 هەزار و 432 هاونیشتمانی بەهۆی تۆمارنەکردنیان لە سیستمی ئەلیکترۆنی، بەشەخۆراکیان بڕدراوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە