رۆژنامەیەکی ئەمریکی: تۆم باراک قومار بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەکات
3 کاتژمێر پێش ئێستا
52 جار خوێنراوەتەوە
بۆچی ئەمریکا ئەوەندە پەلەیەتی بۆ دۆخی سووریا؟ پرسیارێک لە ناوەندەکانی میدیایی و تینک تانکەکانی ئەمریکا باس دەکرێت، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە راپۆرتێکدا هەڵسەنگاندن بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی سووریا دەکات لەلایەن تۆم باراکەوە و دەڵێ :" زۆر باش نییە لە کێبڕکێکانی سووریادا".
هەنگاوەکانی ئەمریکا لە سووریا بەتایبەت لە ماوەی سێ هەفتەی رابردوودا لە "هەڵکردنی گڵۆپی سەوز" بۆ هێرشی سوپای عەرەبی سووریا بۆ ناوچەکانی ژێردەستی هەسەدە بووەتە جێگەی مشتومڕ، بۆردی ئێدیتۆریاڵی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ نووسیویەتی: "هیچ بەرژەوەندییەکی ئەمریکا نییە هەستی پێ بکەین لەکاتێکدا هەسەدە کە کورد سەرۆکایەتی دەکات، بشکێنرێن.''
هەروەها دەڵێ: "رووداوەکان خێرابوون وایکرد، زیندانییانی چەکدارانی داعش کە هەسەدە دەیپاراستن، چارەنووسیان نادیار بێ، هەندێکیان هەڵاتن، بۆیە سوپای ئەمریکا چوارشەممە 21-01-2026 دەستوەردانی کرد، دەستی بە گواستنەوەی ئەو چەکدارانە کردس بۆ عێراق.''
کارتی سزاکان ماوە بەڵام بەکارنەهاتووە
لیندزی گرام، سیناتۆری ئەمریکی لەکاتی هێرشی سوپای عەرەبیی سووریا چەند جارێک هۆشداریدا لە سەپاندنەوەی سزا بەسەر حکومەتی سووریا کە بەمدواییە هەڵگیرا، رۆژنامەکە نووسیویەتی: "سەرۆک ترەمپ هێشتا کارتی سزاکانی بەدەستەوەیە بۆ سەپاندنی راگرتنی هەمیشەیی تووندوتیژی بەسەر رژێمەکەی ئەحمەد شەرع لە سوریا، کە گورزی لە هەسەدە وەشاندووە، بەڵام ئەمریکا ئەمەی نەکردووە، سیاسەتەکەی لەسووریا لەلایەن تۆم باراکەوە بەڕێوەدەبرێت، کە باڵیۆزی ئەمریکایە لە تورکیا و هاوکات نوێنەری ئەمریکاشە بۆ سوریا".
ترەمپ رۆژی دووشەممە 19-01-2026 قسەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع کرد، رۆژێک دواتر باراک زەنگی کۆتاییهاتنی هەسەدەی لێدا، ئەو لە تۆڕی ئێکس (X) نووسیویەتی: "مەبەستی سەرەکیی هەسەدە وەکو هێزی سەرەکی دژی داعش لەسەر زەوی تاوەکو رادەیەکی زۆر کۆتایی هاتووە."
هەروەها دەڵێت: "دیمەشق ئێستا ئامادەیە و لە پێگەیەکدایە بەرپرسیارێتی ئەمنی بگرێتە ئەستۆ، لەوانەش کۆنترۆڵکردنی زیندانەکانی داعش."
رۆژنامەکە نووسیویەتی: "ئەو پێگەیەی تۆم باراک باسی دەکات بۆ حکومەتی سووریا، هەمان رۆژ وایکرد 120 دەستگیرکراوی داعش هەڵبێن، بۆیە سەیر نییە کە فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا رۆژی دواتر دەستوەردانی کرد بۆ گواستنەوەی زیندانییەکان بۆ عێراق، تا لە دەستی رژێمەکەی شەرع دەریانبهێنێت."
گرووپ جیاواز لەنێو سوپای عەرەبی سووریادا هەن، وۆڵ ستریت جۆرناڵ نووسیویەتی: "ساڵێک لەمەوبەر شەرع سەرکردایەتی هێزێکی جیهادی دەکرد، فەرماندە و سەربازەکانی ئێستا سوپای سووریا پێکدەهێنن، هێشتا وەکو تێکەڵەیەک لە میلیشیاکان دەمێنێتەوە بە پێکهاتەی فەرماندەیی جیاوازەوە، لەوانەش جیهادییە بیانییەکان لە پۆستە باڵاکاندا، ئێمە نازانین ئایا شەرع هێز تەرخان دەکات بۆ سەرکوتکردنی داعش لە ناوچە دوورەدەستەکان، یان ئایا سەربازەکانی متمانەپێکراو دەبن لە شەڕکردن دژی ئیسلامییە سوننەکانی دیکە؟".
نموونەش بە کوژرانی سێ ئەمریکی لەسەر دەستی ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان دێنێتەوە کە دەرکەوتبوو پەیوەندی بە داعشەوە هەیە، بەڵام وۆڵ ستریت دەڵێ: "رژێمی شەرع گوتی نەیانتوانیوە پێش ئەوەی هێرشەکە بکات دەری بکەن، پەلەیان نەبووە.''
رۆژنامەکە پش بە لێدوانی دۆناڵد ترەمپ بۆ دیار کوردە بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن دەبەستێت بۆ قسەکانی لەبارەی سووریا و دەڵێ: "ئەمریکا نیگەرانی ئەوەی نەبوو هێرشبکرێتە سەر هێزەکانی کاتێک هاوپەیمانی هەسەدە بوو، کە کاریگەرانە شەڕی دژی داعشیان دەکرد، بەڵام ترەمپ گوتی:"ئەوان زیاتر لەوەی بۆ ئێمەی بکەن، بۆخۆیان کردیان.'' بەڵام ئەوەش سوودی نەبوو بۆ رێگری لە هێرشکردنە سەر هەسەدە.
'قومار بە بەرژەوەندی ئەمریکا و ژیانی کورد'
وۆڵ ستریت نموونە بە قوربانیدانی شەڕڤانان دێنێتەوە و دەڵێ: "هەسەدە ئامادەبوو هەزاران سەربازی خۆی لەدەست بدات لە رێگەی سەرکەوتن بەسەر داعشدا، تا پێویست نەبێت ئەمریکا ئەمە ( پشتکردن لە هەسەدە) بکات، لەو کاتەوە هەسەدە وەڵامدەر بووە بۆ داواکارییەکانی ئەمریکا سەبارەت بە نەوت و هەزاران چەکداری داعشی زیندانی کردووە، کە وڵاتانی دیکەی رزگارکردووە لە پێویستی وەرگرتنەوەیان، بەتایبەتی بۆ ئەورووپا."
لە کۆتایی راپۆرتەکەدا هاتووە: "کورد کارە قورس و مەترسیدارەکانی ئێمەیان دەکرد، ئایا ئێستا خیانەتیان لێدەکەین؟ شەرع پشتی بە چەکدارە عەشایەرە سوننەکان بەستووە بۆ پێشڕەویکردن بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە. ئەگەر ئەمانە بگەنە زیندانەکانی داعش، ئاگاداربن چی روودەدات." باسی کۆمەڵکوژی سەر کوردیش دەکات و دەنووسێ: "ئەگەر هێزەکانی رژێم بگەنە ناوچە کوردنشینەکان، مەترسی کۆمەڵکوژییەکی دیکە هەیە، ئەمە هەمان شتە کە بەسەر عەلەوی و دروزەکاندا هات لە ساڵی 2025دا، سەرەڕای بەڵێنەکانی شەرع، کەمترین تاوانبار سزادران."
هەروەها دەڵێ: "هەسەدە پشتی بە ئەمریکا بەستبوو بۆ ئەوەی رێگری لە شەرع بکات تا ئەو کاتەی رازى دەبێت بە مەرجی دادپەروەرانە بۆ یەکگرتنەوەی نیشتمانی، کورد بە مافی خۆیانە دوودڵ لە هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە و تێکەڵکردنی هێزەکانیان بە سوپای سووریا لە کاتێکدا شەرع دەسەڵات لە دەستی خۆیدا قۆرخ دەکات."
بۆردی ئێدیتۆریاڵی رۆژنامەکە دەڵێ: "ئێستا ئەمریکا قومار بە ژیانی کورد و بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی خۆیەوە دەکات لە شەڕی دژی داعشدا. هەردووکیان هۆکارن بۆ رێگریکردن لە هەر هێرشێکی دیکەی خێرای شەرع، تورکیا دەیەوێت کوردی ناو هەسەدە تێکبشکێنرێن، بەڵام پێویست ناکات ئەمریکا کار ئاسانی بۆ ئەمە بکات.
٧ڕۆژ - ڕووداو
|