مەسرور بارزانی: شەهیدکردنی پێشمەرگەیەک و هاوسەرەکەی تاوانی جەنگە
1 کاتژمێر پێش ئێستا
27 جار خوێنراوەتەوە
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لەبارەی شەهیدبوونی دوو هاووڵاتی سنووری پارێزگای هەولێر بڵاوکردەوە و دەڵێت، "تاوانی جەنگە" و سەرکۆنەی دەکات.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا لەبارەی شەهیدبوونی ئەو دوو هاووڵاتیە دەڵێت، "زۆر خەمبار و دڵگرانم بە بیستنی هەواڵی هێرشی درۆنی بۆ سەر ماڵی پێشمەرگەیەک لە سنووری هەولێر، کە بووە هۆی شەهیدبوونی خۆی و خێزانەکەی."
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە، "بە هەموو شێوەیەک ئەم تاوانە قێزەونە، سەرکۆنە و تاوانباران شەرمەزار دەکەم."
مەسرور بارزانی لە پەیامەکەیدا دەشڵێت، "بەئامانجگرتنی خەڵکی سڤیل و ماڵی هاووڵاتییان، تاوانی جەنگە و داوای خەڵکی بێ تاوانی کوردستان دەگەیێنینە هەموو جیهان، بۆئەوەی سنوورێک بۆ ئەو ستەمکاریەی بەرامبەریان دەکرێت دابندرێت و چیدی بە بیانووی بێ پاساو، پەلاماری خەڵکی کوردستان نەدرێت."
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە میدیاکانی راگەیاند، درۆنێک لە گوندی "زەرگەزەوی" لە ناوچەی زرارەتی کەوتووەتە خوارەوەو راستەوخۆ بەر ماڵێکی مەدەنی کەوتووە و لە ئەنجامدا هاووڵاتییەک بە ناوی (مووسا زراری) لەگەڵ هاوژینەکەی شەهید بوون.
|