کونسوڵی ئێران لە سلێمانی: ئەمریکا و دۆستەکانی لە هەرێم دەکەینە ئامانج
1 کاتژمێر پێش ئێستا
309 جار خوێنراوەتەوە
کونسوڵی نوێی ئێران لە سلێمانی ڕایگەیاند، لە هەر شوێنێك ئەمریكا، ئیسرائیل و ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی هەبێت، هێرشدەكەنە سەری، بە هەرێمی كوردستانیشەوە، دەشڵێت، "ئەوكارە بە مانای دژایەتی كوردستان نایات و ئەوان ڕێزێكی تایبەتیان بۆ خەڵكی كوردستان هەیە".
میر حوسەینی کونسوڵی نوێی ئێران لە سلێمانی ئەمڕۆ دوشەممە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەو هێرشانەی كە لەلایەن وڵاتەكەیەوە دەكرێتە سەر كوردستان، مانای ئەوە نیە دژی كوردستانن و ئەوان ڕێزێكی تایبەتیان بۆ خەڵكی كوردستان هەیە و هیچ دوژمنایەتیەكیان نیە و پەیوەندییەكی دێرینمان هەیە.
ئاماژەی بەوەشكرد، بە هەمو لایەكمان وتوە كە ئاسایشی ئێران لە پێشینەی كارەكانیاندایە و لە هەر شوێنێك ئەمریكا، ئیسرائیل و ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی هەبێت، هێرش دەكەنە سەری و كارەكەی ئەوان تەنها بەرگریكردنە لە خۆیان.
کونسوڵی نوێی ئێران لە سلێمانی باسی لەوەشكرد، ئێران ڕێز لە سەروەری وڵاتانی ناوچەكە دەگرێت، بەڵام دەزانێت بنكە و بارەگاكانی ئەمریكا لەكوێن و هێرشدەكەنە سەر تەواوی ئەو بنكانە لە ناوچەكە، بە هەرێمی كوردستانیشەوە.
لە 28ـی شوباتەوە ئەمریكا و ئیسرائیل هێرشیان بۆ سەر ئێران دەسپێكرد، تاران و گروپەكانی لە وەڵامدا هێرشی موشەكی درۆنیكردە سەر تەواوی وڵاتانی ناوچەكە، لەنێویاندا هەرێمی كوردستان، بە گوێرەی ئامارە فەرمییەكان زیاتر لە 600 هێرش ئەنجامدراوە و 14 كەس گیانیان لەدەستداوە. كە دواینیان هێرشی گەورەی درۆنی بو بۆ سەر ماڵێك لە گەڕەكی بەختیاری شاری سلێمانی، جگە لە هێرشە بەردەوامەكانی سەر هەولێری پایتەخت.
|