کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دەستیپێکرد
2 کاتژمێر پێش ئێستا
10 جار خوێنراوەتەوە
بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق دەستیپێکرد.
سروە محەممەد، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە میدیاکانی راگەیاند: "بە ئامادەبوونی 223 پەرلەمانتار، دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق دەستیپێکرد".
بەوتەی بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی،" 260 پەرلەمانتار واژۆیان لەسەر کۆبوونەوەی ئەمڕۆی کردووە".
بەگوێرەی دەستووری عێراق، بەڕێوەچوونی دانیشتنەکە پێویستی بە ئامادەبوونی 220 ئەندامە لە 329 ئەندامەکەی پەرلەمان.
د. ڕێبوار کەریم، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی رەوتی هەڵوێست بە ٧ڕۆژی راگەیاند، "دەنگ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق دەستیپێکرد ، هەریەک لە عەبدولەتیف رەشید و ئاسۆ فەریدوون، لە کاندید بوون بۆ پۆستی سەرککۆماری عێراق کشانەوە".
هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی لە پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند: "رێژەی یاسایی ئامادەبوون بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق تەواو دەبێت و نزار ئامێدی، کاندیدی یەکێتی بە سەرۆککۆماری عێراق هەڵدەبژێردرێ".
|