ئۆجەلان: نابێ لە هاوکێشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کورد پشتگوێ بخرێت
1 کاتژمێر پێش ئێستا
30 جار خوێنراوەتەوە
رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دەڵێت، گەلی کورد ئێستا لە قۆناغێکی "هەستیاری مێژووییدایە" و بووەتە کارەکتەرێکی سەرەکی لە هاوکێشەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، "ناکرێت نادیدە بگیرێت."
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە رۆژی شەممە، 06-06-2026 بۆ 24مین جڤاتی گشتیی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) پەیامێکی بڵاوکرایەوە کە لە رۆژی 1ی ئەم مانگە نووسیویەتی.
ئۆجەلان داوا دەکات یەکێتییەکی نەتەوەیی دیموکراتییانە لەسەر بنەمای دیالۆگ و لێکتێگەیشتن بونیاد بنرێت، بە جۆرێک کە هەموو هێزە سیاسییەکان، رۆشنبیران، ژنان و گەنجان تێیدا بەشدار بن.
دەقی پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان:
وڵاتپارێزانی هێژا، نوێنەرە بەڕێزەکان، میوانانی ئازیز
پێش هەموو شتێک، بەهەستێکی قووڵی ناخمەوە سڵاو لە 24مین جڤاتی گشتی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان دەکەم و ئەم دیدارە واتادارەتان و 27مین ساڵەی کەنەکەتان لێ پیرۆز دەکەم. منیش لەلایەن خۆمەوە بەشدارییم لە ئاواکردن و دامەزراندنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان - کەنەکە دا کرد و پشتیوانیم لێی کرد. لە زیندانیش بێت، بە گوێرەی دەرفەتەکان، بەدواداچوونم بۆ خەباتی ئێوە دەکرد و ماوە ماوەش پێشنیارەکانم بۆ ئێوە دەنارد.
هەر گفتوگۆیەک سەبارەت بە داهاتوو و یەکێتیی نەتەوەیی، مافە دیموکراتییەکان و ئیرادەی هاوبەشی گەلی کورد بکرێت، پێگەیەکی گرنگی لە کاروانی مێژوویی گەلەکەماندا دەبێت.
ئەمڕۆ گەلی کورد بە قۆناغێکی گرنگی مێژوویی خۆیدا تێدەپەڕێت. کورد کە سەدان ساڵ رووبەڕووی سیاسەتی نکۆڵی، لەناوبردن، پارچەکردن و بێ ستاتۆیی بوونەتەوە، بە قوربانیدانێکی مەزنەوە ئیرادەی ئازادیی خۆی پاراست، توانستی سیاسەتی خۆی گەشەپێدا، بوونەتە دینامیکی جڤاکیی هەرە گرنگی خۆرهەڵاتی ناوین. ئیدی ناکرێت باس لە هاوکێشەیەکی خۆرهەڵاتی ناوین بکرێت و حیساب بۆ کورد نەکرێت و ئیرادەیان بە نەبوو لەقەڵەم بدرێت.
ئەم راستییەش بەرپرسیارێتیی نوێی بۆ کوردان لەگەڵ خۆیدا دێنێت. پێش هەموو شتێک، بەرەوپێشبردنی کولتووری دیالۆگ و دانوستاندن و خەباتی هاوبەشی نێوان کوردان ئەرکێکی مێژووییە. یەکێتی نەتەوەیی کورد ئامانجێکی وەها نییە کەوا تەڤگەرێکی سیاسی، پارتێک یان لایەنێک بەتەنیا بیهێنێتەدی. ئەم یەکێتییە تەنیا دەتوانرێت بە هەوڵ و کۆششی هاوبەشی هەموو هێزە سیاسییەکان، رۆشنبیران، ژنان، گەنجان و دینامیکە جڤاکییەکانی کورد بنیاد بنرێت.
یەکێتی دیموکراتییانەی کورد، نەک هەر نەپەژراندنی جیاوازییەکان نییە، بەڵکو بەپێچەوانەوە بەیەکگەیشتنی جیاوازییەکانە لەسەر زەمینەی دیموکراتی. ئامانج هەر تەنیا یەکدەنگیەک نییە، بەڵکو ئامانج ئەوەیە کەوا لە مژارە نەتەوەییە هاوبەشەکاندا ئیرادەیەکی هاوبەش نیشان بدرێت. پێشخستنی هەڵوێستێکی هاوبەشە لە مەسەلە سەرەکییەکاندا کە بەرژەوەندیی گەلەکەمان بە بنەما وەربگرێت، چیتر رێگە بەوە نەدرێت کوردان دژ بەیەکتری بەکاربهێنرێن و دەستکەوتە نەتەوەییەکان بە ئەقڵییەتێکی هاوبەش بپارێزرێن، پێویستە هەموو ئەمانە لە پرەنسیپە بنچینەییەکانی ئەو یەکێتییە بێت.
هەر بۆیە، پێشخستنی پڕۆژەیەکی فراوانیی دیالۆگ و دانوستاندنی نێوان کوردان گرنگییەکی مەزنی هەیە. رێگای دەربازکردن (تێپەڕاندنی) نەسازان و لێکترازانەکانی ڕابردوو، شەڕ و پێکدادان نییە؛ بەڵکو قسەکردن و گفتوگۆ و دۆزینەوەی چارەسەریی هاوبەشە. دەبێت فیکری کۆنگرەیەکی نەتەوەیی دیموکراتیش وەک گوزارشتکردن لە دامەزراوەبوونی ئەو پێداویستییە ببینرێت.
سەرەڕای ئەمەش، داهاتووی گەلی کورد هەر تەنیا پەیوەست نییە بە یەکێتی نەتەوەییەوە، بەڵکو لەهەمان کاتدا پەیوەستە بە چەمک (تێگەیشتن)ـی کۆمەڵگەی دیموکراتیشەوە، ڕێنماییەکانی کۆمەڵگەی دیموکراتی، چارەسەرکردنی کێشەکان نەک بە شەڕ و توندوتیژی، بەڵکو بەڕێگەی سیاسەت، حقوق و دانوستاندنی دیموکراتی بە بنچینە وەردەگرێت. ئەم ڕێنماییە، یەکسانیی گەلان، دیموکراتیی خۆجێیی، رێکخستنبوونی ئازاد و ژیانی هاوبەش دەپارێزێت.
بژاردەی مێژوویی بەردەم گەلی کورد هەر تەنیا گفتوگۆ لەسەر ستاتۆ نییە، بەڵکو مژاری سەرەکی ئەوەیە ژیانێکی کۆمەڵایەتی (جڤاکی) چۆن بونیاد بنرێت؟ چەمک (تێگەیشتن)ی کۆمەڵگەی دیموکراتی، ئازادیی گەلەکەمان لەگەڵ ئازادیی گەلانی دیکە تاوتوێ دەکات (هەڵدەسەنگێنێت)؛ ئامانجەکەی شەڕ و پێکدادان نییە، بەڵکو ژیانی هاوبەشە، پارچەکردن نییە بەڵکو یەکێتی دیموکراتیانەیە.
ئەوەی ئەمڕۆ پێویستییمان پێی هەیە؛ هاوکات لەگەڵ پێویستیی رۆحی بەهێزی یەکێتیی نەتەوەیی نێوان کوردان، پشتیوانی و هاوپشتیی دیموکراتیانەیە لەگەڵ گەلانی خۆرهەڵاتی ناوین و بۆچوونێکی هاوبەشی داهاتووە کە لەسەر بنەمای ئازادیی بونیاد بنرێت. هەربۆیە، مەزنکردنی لێگەڕین(گەڕان)ـی کوردان لەپێناو یەکێتیی دیموکراتی، پاراستنی دەستکەوتە نەتەوەییەکان و بەهێزکردنی بەها جڤاکییە دیموکراتییەکان بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشی هەموومانە.
بەم هەست و رامانانەوە دووبارە سڵاو لە کۆبوونەوەکەتان دەکەم، ئەو گفتوگۆ و دەرئەنجامانەی لێیەوە بەرهەم دێت، خزمەتی یەکێتی، ئازادی و داهاتووی دیموکراتییانەی گەلەکەمان دەکات.
سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم و بەڕێزەوە سڵاو لەهەموو بەشداربووان دەکەم.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان
ئیمراڵی، 1 حوزەیرانی 2026.
|