سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی: رێككه‌وتن له‌سه‌ر مووچه‌ی هه‌رێم كراوه
1 کاتژمێر پێش ئێستا
27 جار خوێنراوەتەوە
سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، ئاشكرای ده‌كات دوای ته‌واوبوونی پشووی په‌رله‌مان كابینه‌كه‌ی عه‌لی زه‌یدی ته‌واو ده‌كرێت و دووپاتیشی ده‌كاته‌وه، بۆ ناردنی مووچه‌ی هه‌رێمی كوردستان، رێككه‌وتن كراوه و پێویسته تا په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ی 2027 رێككه‌وتنه‌كه جێبه‌جێ بكرێت.
هه‌رێم كه‌مال ئاغا سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌باره‌ی چه‌ند پرسێكی گرنگ له عیراق و هه‌رێمی كوردستان، زانیاری به كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن دا‌و له‌باره‌ی ته‌واوكردنی كابینه‌كه‌ی عه‌لی زه‌یدییه‌وه، رایگه‌یاند: له‌ئێستادا په‌رله‌مان له‌پشووی په‌رله‌ماندایه و دوای یه‌كی ته‌مووز په‌رله‌مان كاره‌كانی ده‌سپێده‌كاته‌وه‌و پۆسته به‌تاڵه‌كانی حكومه‌ت پڕ ده‌كرێنه‌وه.
له باره‌ی پرسی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمیش، هه‌رێم كه‌مال ئاغا، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد: تیمێكی گفتوگۆ به‌رده‌وام له هه‌وڵدان، بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی مووچه و پرسی ئه‌سیكۆدا، هه‌روه‌ها داهاتی نانه‌وتی پێشتر گفتوگۆی له‌سه‌ر كراوه و رێككه‌وتن كراوه، كه پێویسته 120 ملیار دینار وه‌ك داهاتی نانه‌وتی ره‌وانه‌ی حكومه‌تی فیدڕ‌اڵی بكرێت، هه‌روه‌ها رۆژانه‌ش 230 هه‌زار به‌رمیلیش هه‌نارده بكرێت، بۆیه پێویسته حكومه‌تی هه‌رێم، ئه‌و كێشه‌یه چاره‌سه‌ر بكات و نه‌یبه‌ستێته‌وه به‌هیچ شتێكی دیكه‌وه، حكومه‌تی هه‌رێم كه ته‌مه‌نێكی زۆری هه‌یه، نه‌توانێت 120 ملیار ئاماده بكات، به‌راستی ئه‌مه جێگه‌ی پرسیاره، بۆیه پێویست ده‌كات، تا په‌سه‌ندكردنی بوودجه به‌و شێوه‌یه بڕ‌وات.
په‌یوه‌ست به په‌سه‌ند كردنی بوودجه‌ی ساڵی 2026، سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی رایگه‌یاند: بودجه‌ی ئه‌مساڵ واته 2026 په‌سه‌ند ناكرێت و ساڵی 2027 عیراق بوودجه په‌سه‌ند ده‌كات.
|