شاندێکی هەرێمی کوردستان لەبارەی داهاتی ناوخۆ دەچێتە بەغدا
1 کاتژمێر پێش ئێستا
28 جار خوێنراوەتەوە
حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی بە عێراقی وتووە مانگانە ناتوانن 120 ملیار دینار وەک داهاتی ناوخۆ بدەنە بەغدا، بۆیە بڕیاردراوە لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەم پرسە یەکلایی بکرێتەوە.
چاوەڕوان دەکرێت بڕیارەکە بەم شێوەیە بێت، بە چاودێری دیوانی چاودێری دارایی عێراق لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی کوردستان، مانگانە حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندە داهاتی ناوخۆی کۆکردەوە، ئەوکاتە نیوەی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق و بەغدا رەوانە دەکات .
بە پێی زانیارییەکانی ٧ڕۆژ بڕیارە لەگەڵ خەرجکردنی مووچەی مانگی 6ی مووچەخۆرانی عێراق، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش خەرج بکرێت بەو پێیەی عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عیراق رایگەیاندووە بابەتی مووچەی کوردستان تێکەڵی ململانێ سیاسیەکان ناکرێت.
لەگەڵ ئەوانەشدا بڕیارە هەفتەی داهاتوو شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چەند پرسێک کە گرنگترینیان "سیستمی ئەسیکۆدا و داهاتی نانەوتی واتە داهاتی ناوخۆیە، سەردانی بەغدا بکات.
زانیارییەکانی ٧ڕۆژ ئاشکرای دەکەن "بڕیار بوو دوێنێ شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بۆ کۆمەڵێک پرس سەردانی بەغدا بکات یەکێک لەوانەش سیستمی ئەسیکۆدا و داهاتت ناوخۆ بووە، بەڵام سەردانەکە بۆ هەفتەی داهاتوو دواخرا.
ئەگەر هیچ گۆڕانکارییەکیش روونەدات، بڕیارە دووشەممەی داهاتوو شاندە باڵاکەی هەرێم سەردانی بەغدا بکات، ئەوەش بە مەبەستی گەیشتن بە لێکتێگەیشتن و رێککەوتنی تەواو لە نێوان هەردوولادا.
|