نزیکەی 400 هەزار لیتر سووتەمەنیی قاچاخ دەستی بەسەردا گیرا
1 کاتژمێر پێش ئێستا
150 جار خوێنراوەتەوە
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئاشکرای دەکات، لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا لە ئۆپەراسیۆنێکی فراواندا لە سەرتاسەری وڵاتدا، 101 قاچاخچیی سووتەمەنیان دەستگیرکردووە و دەستیان بەسەر نزیکەی 400 هەزار لیتر سووتەمەنیشدا گرتووە.
ئەرشەد حاکم، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، بە میدیاکانی راگەیاند: "تەنیا لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا مەفرەزەکانمان توانیویانە 101 فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەو کەسانە جێبەجێ بکەن کە تێوەگلاون لە دۆسییەکانی قاچاخی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان."
بەپێی رێنماییەکان، هەر تانکەرێکی نەوت پابەندی ئەو پارێزگایە نەبێت کە لە نووسراوی فەرمیی حکومەتی فیدراڵیدا بۆی دیاریکراوە، وەک قاچاخ مامەڵە لەگەڵ بارەکەی و شۆفێرەکەیدا دەکرێت.
وتەبێژی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئاماژەی بەوە کرد کە لە ئۆپەراسیۆنەکاندا دەستیان بەسەر 398 هەزار و 700 لیتر سووتەمەنیدا گرتووە. هەروەها دەیان ئۆتۆمبێل، تانکەر و کۆگەی سووتەمەنی کە بۆ مەبەستی قاچاخچێتی بەکارهێنراون، دەستیان بەسەردا گیراوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، ئەم ئۆپەراسیۆنانە زۆربەی پارێزگاکانی عێراقیان گرتووەتەوە، بەڵام دیارترینیان لە پارێزگاکانی بەغدا، نەینەوا، سەلاحەدین، کەرکووک، موسەننا و ئەنبار بوون.
ئەرشەد حاکم ئاشکرای کرد تا ئێستا 17 بڕیاری جیاوازی سزادان لە لایەن دادگاکانەوە بۆ تۆمەتبارانی ئەم دۆسییانە دەرچووە، ئەوەش دوای تەواوبوونی رێکارە یاساییەکان و سەلماندنی تاوانەکانیان.
|