هەزاران تووشبووی هەوکردنی پەردەی مێشک لە عێراق تۆمارکراون

6   کاتژمێر پێش ئێستا  295 جار خوێنراوەتەوە

وەزیری تەندروستیی عێراق دەڵێت، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 4 هەزار و 358 تووشبووی هەوکرنی پەردەی مێشک لە عێراق تۆمارکراون و لە پارێزگای واستیش 15 کەس بەهۆی نەخۆشییەکەوە گیانیان لەدەستداوە. تەندروستیی کەرکووکیش دەڵێت: "هیچ تووشبوویەک تۆمار نەکراوە".

عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە ئامادەبوونی یوسف دنێناوی، سەرۆکی دەستەی راوێژکاران پێشوازیی لە عەبدولحوسێن عەزیز مووسەوی، وەزیری تەندروستی کردووە بۆ ئاگاداربوون لە دوایین پێشهاتەکانی دۆخی پەتای هەوکردنی پەردەی مێشک و رێکارەکانی کۆنترۆڵکردنی.

وەزیری تەندروستیی عێراق رایگەیاند: "لە ساڵی 2024دا، 3 هەزار و 948، لە ساڵی 2025دا 4 هەزار و 129، لە سەرەتای ساڵی 2026ـەوە تاوەکو ئێستا 4 هەزار و 358 تووشبوون لە عێراق تۆمارکراون".

سەبارەت بە دۆخی پارێزگای واست، وەزیری تەندروستیی عێراق وتی: "تۆمارکردنی حاڵەتەکان لە سەرجەم پارێزگاکان لە چوارچێوەی چاوەڕوانی دایە و لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 15 گیانلەدەستدان لە واست تۆمارکراون".

ئاماژەی بەوەشکرد: "شاندێکمان ناردووەتە پارێزگاکە بۆ چاودێریکردنی مەیدانیی دامەزراوە تەندروستییەکان و دڵنیابوونەوە لە دۆخی نەخۆشەکان".

بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ـی تشرینی دووەمی2026، کۆبوونەوەیەکی گرنگ لەنێوان وەزیرانی تەندروستی و پەروەردە و لیژنەی باڵای تەندروستی بەڕێوەبچێت، بە مەبەستی تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکان و گرتنەبەری رێکاری پێویست بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە.

فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک تۆمارکردنی هەر تووشبوویەک یان گومانلێکراو بە هەوکردنی پەردەی مێشک لە سنووری پارێزگاکە رەتکردەوە.

ئەرجان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی کەرکووک رایگەیاند: "تیمە مەیدانییەکان و بنکە تەندروستییەکان بەردەوامن لە بەدواداچوون و تاوەکو ئێستا هیچ حاڵەتێک لە پارێزگاکە و قوتابخانەکانی کەرکووک تۆمارنەکراوە".

ئەرجان محەممەد وتیشی: "وەک ئامادەکارییەک قاوشەکانی تایبەت بە نەخۆشییە گوازراوەکان لە سەرجەم نەخۆشخانەکان تەرخانکراون و تیمی تەندروستی بۆ پێشکێشکردنی رێنمایی و هۆشیاری سەردانی قوتابخانەکان دەکەن".


   ئەمانەش بخوێنەرەوە