شاندێکی باڵای عێراق بۆ پرسی دەروازە سنوورییەکان گەیشتە تاران
14 خولەک پێش ئێستا
20 جار خوێنراوەتەوە
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق وەک نێردراوی سەرۆکوەزیرانی عێراق گەیشتە تاران و سەرچاوەیەکی دیپلۆماسییش دەڵێ، بەشێکی کۆبوونەوەکانی شاندەکە تایبەت دەبێت بە پرسی داخستنی دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ ئێران.
نووسینگەی راگەیاندنی راوێژکارێتیی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئەمڕۆ شەممە، 28-11-2026 لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە قاسم عەبوودی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق گەیشتووەتە تارانی پایتەختی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، قاسم عەبوودی وەک نێردراوی عەلی زەیدی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق سەردانی تارانی کردووە و سەردانەکەیشی بەمەبەستی دیدار و کۆبوونەوەیە لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
سەبارەت بە ناوەڕۆکی سەردانەکە، سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی عێراقی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەشێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکانی شاندی عێراقی لە ئێران تایبەت دەبێت بە پرسی داخستنی دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتە."
بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، شاندەکەی عێراق لە هەشت کەس پێکهاتووە و قاسم عەبوودی سەرۆکایەتی دەکات، هەروەها نوێنەرانی وەزارەتی بەرگریی عێراق و نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانیش لەخۆدەگرێ.
هەر ئەمڕۆ، محەممەد موخبیر، راوێژکاری موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، دوای بڕیارەکانی ئەم دواییەی بەغدا لەبارەی سنوورەکانەوە، هۆشداریی دایە عێراق.
محەممەد موخبیر لە پۆستێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، ئێران "بە هەموو هێزییەوە لە تەنیشت گەلی عێراق وەستاوەتەوە."
راوێژکارەکەی رێبەری ئێران هۆشداری دایە بەغدا و داوای لێکرد "سەبارەت بە پرسەکانی سنوور وریا بێت، بۆ ئەوەی نەبێتە ئامرازێک لە دەستی دووژمنانی ئێران."
|