لە سلێمانی سێ حاڵەتی تووشبوون بە هەوکردنی پەردەی مێشک تۆمارکراون
3 کاتژمێر پێش ئێستا
61 جار خوێنراوەتەوە
تۆمارکردنی هەوکردنی پەردەی مێشک لە عێراقدا رووی لە زیادبوونە؛ تەندروستیی سلێمانی دەڵێت، سێ تووشبووی نەخۆشییەکە لە سنوورەکەدا تۆمارکراون و دۆخیان جێگیرە؛ لە پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و هەڵەبجەشدا هیچ تۆمارنەکراوە. بەرپرسانی تەندروستیش داوا لە هاونیشتمانییان دەکەن لەکاتی دەرکەوتنی نیشانەکاندا بەزوویی سەردانی نەخۆشخانە بکەن.
د. هێرش سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی، بە ٧ڕۆژی وت: "سێ حاڵەتی تووشبوون بە هەوکردنی پەردەی مێشک تۆمارکراون و سەرجەمیان منداڵن، بەڵام تەندروستییان جێگیرە و هیچ مەترسییەکیان لەسەر نییە."
لەبارەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە، د. هێرش سەلیم رایگەیاند: "بڵاونەبووەتەوە و لە کۆنترۆڵدایە. نەخۆشییەکە زیاتر لە منداڵاندا هەیە و ئەگەر بەزوویی دەستنیشانبکرێت و چارەسەر وەربگرێت، هیچ مەترسییەک لەسەر ژیانی نابێت."
جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، نەخۆشییەکە بە دوو شێوە تۆماردەکرێت؛ یەکێکیان لە رێگەی ڤایرۆسەوەیە کە ئاساییە تۆماربکرێت، جۆرەکەی دیکەیان بەکتریاییە و مەترسی هەیە؛ "لەو جۆرەیان هیچ حاڵەتێکمان نییە."
|