عێراق چوار تاوانباری قاچاغچێتیی نەوت و ساختەکاری سزا دا

3   کاتژمێر پێش ئێستا  242 جار خوێنراوەتەوە

لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و تاوانە داراییەکاندا، دادگاکانی عێراق لە نەینەوا و بەغدا سزای زیندانیکردنیان بەسەر چوار تاوانباردا سەپاند کە لە دۆسییەکانی بە قاچاخبردنی نەوت و ساختەکردنی موڵک و ماڵی گشتیدا تێوەگلابوون.

لە عێراق هەڵمەتی ڕووبەڕووبوونەوەی بە قاچاغبردنی نەوت و گەندەڵی بەردەوامە و سزای زیندانییکردن بەسەر چەند کەسێکدا لە بەغدا و نەینەوا سەپێندرا.

دەستەی دەستپاکیی فیدراڵیی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاویکردەوەو دەڵێت، دەستەی یەکەمی دادگای تاوانەکانی نەینەوا بڕیاری سزادانی حەوت ساڵ زیندانیی بەسەر هەریەک لە بەڕێوەبەری هۆبەی بازگەکانی نەوت لە نەینەوا و ڕێپێدراوێکی پۆلیسی وزەدا دەرکردووە، دوای ئەوەی لە چوارچێوەی تۆڕێکی ئەفسەر و کارمەندان و بە هاوکاریی ژمارەیەک قاچاغچی، ئاسانکارییان کردووە بۆ بە قاچاغبردنی بەرهەمە نەوتییەکان بۆ دەرەوەی پارێزگاکە لە ڕێگەی کاروانی ئۆتۆمبێل و تانکەرەوە.

بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکە، پرۆسەکە لە ڕێگەی پێدانی بەرتیل بە بازگەکانی پۆلیسی نەوتی نەینەوا و کۆکردنەوەی سەرانە و پارە لە گۆڕەپانەکانی فرۆشتن و بە قاچاغبردنی نەوت لە سنوورەکەدا ئەنجام دراوە.

ئاماژە بەوەشدراوە، ئەو کەسانە سزای پێبژاردنی دارایی بە بڕی ١٠ ملیۆن دینار بۆ هەریەک لەو دوو تاوانبارە سەپێندراوە، کە لە ئەگەری نەدانیدا سێ ساڵی دیکە زیندانی دەکرێن دوای تەواوبوونی سزا بنەڕەتییەکەیان، ئەمەش بەپێی بڕیاری ژمارە (١٦٠ـی ساڵی ١٩٨٣) و ماددەکانی هاوبەشیکردن (٤٧، ٤٨ و ٤٩)ـی یاسای سزادان.

لە دۆسییەیەکی دیکەی هاوکاتدا، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئاشکرای کرد دادگای ناوەندیی تاوانەکان سزای ١٥ ساڵ زیندانی بەسەر دوو تاوانباردا سەپاند، دوای ئەوەی سەلمێنرا دۆسییە و بەڵگەنامە فەرمییەکانی موڵکداریی تایبەت بە ئەمیندارێتیی بەغدایان ساختە کردووە و دواتر موڵکەکانیان فرۆشتووەتەوە و بە ناوی کەسانی دیکەوە تۆماریان کردووە.

بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکە، لە کاتی دەستگیرکردنی تاوانبارەکاندا دەست بەسەر ژمارەیەک مۆری ساختەی فەرمانگە فەرمییەکانی دەوڵەت، بریکارنامە (وەکالەت)، تاپۆی موڵک، گرێبەستی کڕین و فرۆشتن و نووسراوی پاکتاوی باجدا گیراوە، سزاکەش بەپێی ماددەی (٢٨٩) و مادەکانی هاوبەشیکردن (٤٧، ٤٨ و ٤٩)ـی یاسای سزادانی عێراقی دەرکراوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە