ئێران و عێراق لەبارەی دەروازە سنوورییەکان و حزبەکانی رۆژهەڵات کۆبوونەوە
3 کاتژمێر پێش ئێستا
56 جار خوێنراوەتەوە
قاسم عەبودی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە لە تاران لەگەڵ عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبووەوە؛ تاران ئامادەیی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و کردنەوەی گەرووی هورمز بە مەرجی پەسەندکردنی پێشنیازەکەی ڕاگەیاند و هەردوولاش دۆسیەی دەروازە نافەرمییەکان و ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیان تاوتوێ کرد.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی شاندی هەردوو وڵات بەڕێوە چووە و تێیدا پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لە بوارە جیاجیاکاندا بە جۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو گەل و وڵاتی دراوسێ بکات، گفتوگۆی لەبارەوە کراوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، هەردوولا دۆسیەی دەروازە سنوورییەکان، توندوتۆڵکردنی سنوور و پلانی بڵاوەپێکردنی هێزە عێراقییەکانیان تاوتوێ کرد کە عەلی زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، بۆ پاراستنی سنوورەکان دایناوە. هاوکات دۆسیەی چارەسەرکردنی پرسی گرووپە ئۆپۆزسیۆنە ئێرانییەکان لە ناو خاکی عێراق و بابەتی دەروازە نافەرمییەکان کە لە ژێر دەسەڵاتی فیدراڵیی عێراقدا نین، خرانە بەرباس.
سەبارەت بە ململانێی ناوچەکە، ڕاگەیەندراوەکە ئاشکرای کرد، لایەنی ئێرانی ئامادەیی خۆی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ دووپات کردووەتەوە بە مەرجی پەسەندکردنی ئەو پێشنیازەی کۆماری ئیسلامیی ئێران خستوویەتییە ڕوو؛ ئاماژەشی بەوە دا، لە حاڵەتی پەسەندکردنیدا جەنگەکە کۆتایی دێت و گەرووی هورمز دەکرێتەوە.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا جەختیان لە بەردەوامیی پەیوەندی و هەماهەنگییەکانی نێوان بەغداد و تاران کردەوە، لایەنی ئێرانیش پشتیوانیی تارانی بۆ هەنگاوەکانی عەلی زەیدی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، لە بواری بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و پشتیوانیی ئاسایش و سەقامگیریدا دووپات کردەوە.
لای خۆیەوە قاسم عەبودی هەڵوێستی جێگیر و بنەڕەتیی حکومەتەکەی عەلی زەیدی دووپات کردەوە کە ڕێگە نادات خاک یان ئاسمانی عێراق ببێتە سەکۆیەک بۆ هەڕەشەکردن لە ئاسایش و سەقامگیریی هیچ کام لە وڵاتانی دراوسێ یان ناوچەکە، ئەمەش لە سۆنگەی پەرۆشیی عێراقەوە بۆ دامەزراندنی پەیوەندیی هاوسەنگ لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی هاوبەش و دراوسێیەتیی باش.
|