پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا بەرەو ئاڵۆزی زیاتر دەڕۆن؟
13 کاتژمێر پێش ئێستا
256 جار خوێنراوەتەوە
بۆچی هێرشە درۆنیەکان و جوڵەسەربازییەکان زیادیان کردووە؟
جیا لە کێشە داراییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، ئاڵۆزییە ئەمنییەکان و جوڵاندنی هێز بەرانبەر بە یەکتری، تۆمەتبارکردنی گرووپە وەلائییەکان بە بوونی بارەگای موساد لە کوردستان، چەکی دەستی پێشمەرگە چەکی زایۆنییەکانە! نمونەی ئەو ئەو گرفتانەن کە بەم دواییە لە نێوان هەردوولا هاتونەتە ئاراوە.
لە دوایین راگەیەندراوی گرووپێکی سەر بە حەشدی شەعبی کە راستەوخۆ لە لایەن دەسەڵاتدارە شیعەکان ئیدارە دەدرێن هێزی پێشمەرگەی کوردستانی بەوە تۆمەتبارکردووە کە چەکی ئیسرائیل لەدەستیانە و بە زایۆنی ناوی دەهێنن.
ئەبوعەلی عەسکەری بەرپرسی گرووپی میلیشیاکانی حیزبوڵڵای عێراق لەراگەیەندراوێکدا باسی چەک دانانی هێزەکانی حەشدی شەعبی دەکات و هێزی پێشمەرگەی بە چەکی دەستی ئیسرائیل ناوزەدکردووە.
جیا لەوە شەوی رابردوو لە سنووری پارێزگای کەرکووک و ئیداەەی گەرمیان جموجوڵی سەربازیی لە نێوان حەشدی شەعبی و هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان روویدا.
دەنگۆی ئەوە هەبوو بەشێک لە بیرە نەوتەکانی ناوچە جێناکۆکەکان لە لایەن هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە هەوڵی داگیرکردنیان بدرێت، بەڵام شانەی راگەیاندنی سوپای عێراق رەتیکردەوە هیچ جوڵەیەک بە هێزە ئەمنییەکانیان کرابێت.
هەر شەوی رابردوو وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە ئەو درۆنانەی بەم دواییە ئاڕاستەی هەرێمی کوردستان کراون لەلایەن بەشێک لە گرووپە لە یاسادەرچووەکانی حەشدی شەعبییەوە بووە و داوای لە حکوومەتی فیدڕاڵ کردووە رێکاری پێویست بگرێتە بەر.
لە بەرانبەردا وتەبێژی محەمەد شیاع سودانی وەک فەرماندەی گشتی هێزەچەکدارەکانی عێراق وەڵامی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی داوەتەوە و تۆمەتبارکردنی حەشدی شەعبی بە بێ بنەما وەسف کردووە.
هەر ئەمڕۆش جارێکی دیکە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان وەڵامی راگەیەندراوەکەی بەغدای دایەوە، حکوومەتی فیدڕاڵی بەوە تۆمەتبار کرد خۆی لە بەرپرسیارێتی دەدزێتەوە و پەردەپۆشی ئەو رووداوانە دەکات.
ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا هاوکاتن لەگەڵ جەنگی ئێران و ئیسرائیل، ئەوەش کاریگەری ئێران لەسەر حکوومەتی فیدڕاڵی و گرووپە میلیشیاکان نیشان دەدات.
ئێران نیگەرانە لەوەی هەرێمی کوردستان لە جەنگی ١٢ رۆژەی لەگەڵ ئیسرائیل هەڵوێستی روون و ئاشکرا نەبووە بۆیە بەڕای شارەزایانی دۆخەکە ئێران لە پارتی و یەکێتی نیگەرانە.
لە چەند رۆژی رابردووشدا بۆ یەکەمجار بارەگای هێزەکانی حەفتای یەکێتی بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو کرانە ئامانج بەڵام بێ زیان تەقێندرانەوە.
ئەم ئاڵۆزییە ئەمنییانە لە کاتێکدان فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە دوو مانگە مووچەکانیان وەرنەگرتووە و بەغداش ئامادە نیە پارە رەوانە بکات.
|