بەهۆی جولیان ئەلڤارێزەوە، رافینیا رەخنە لە ئاتلێتیکۆ مەدرید دەگرێت

48   خولەک پێش ئێستا  28 جار خوێنراوەتەوە

رافینیای هێرشبەری یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، رەخنەی تووندی لە بەرپرسانی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید گرت، بەهۆی جولیان ئەلڤارێزەوە و دەڵێ لەوە تێنەگەیشتم بۆچی ئەو جۆرە بڕیارەیان بەرامبەر ئەو یاریزانەدا؟

جولیان ئەلڤارێز بەدرێژایی ماوەی گواستنەوەی هاوینەی ئەمساڵ، مانشێتی میدیای جیهانی بوو، بەهۆی ئاشکراکردنی ویستی خۆی بۆ چوونە یانەی بارسێلۆنا و رێگریکردنی ئاتلێتیکۆ مەدرید لەو ویستە.

جولیان بەئاشکرا گوتی کە خەونی ئەو یارییکردنە بۆ بارسێلۆنا و دەیەوێت بەزووترین کات، ئەو خەونە بکاتە راستی، بەڵام ئاتلێتیکۆ مەدرید بەتووندی لە دژی ئەو ویستە وەستایەوە و دەستەوارەی بارسای بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ یاریزانەکەی، رەتکردەوە.

رافینیا لە لێدوانێکدا دەڵێ، "لەوە تێناگەم کە ئاتلێتیکۆ کردی، لەبەرئەوەی ئەگەر یاریزانێک دڵخۆش نەبێت لە شوێنێک، (من باسی خۆم دەکەم)، زۆر قورسە تۆ بتوانیت بەئاسایی ژیانی لەگەڵدا بەڕێ بکەیت".

رافینیا دەڵێ، "بەو بە ئاشکرا گوتی دەمەوێت بڕۆم".

لێدوانەکانی رافینیا، بەشێکی دیکەیە لەو هەڵمەتەی بەرپرسان و یاریزانانی یانە کەتەلۆنییەکە لە دوای داخستنی دەرگای گواستنەوەی هاوینەوە دەستیان پێکردووە، بەهۆی هەمان دۆسێوە.

رافینیا کە سەرەتایەکی ناوازەی لە وەرزی ئەمساڵ لەگەڵ بارسێلۆنا هەیە و بەتۆمارکردنی 9 گۆڵ، پێشەنگی گۆڵکارانی لالیگای گرتووە، دووپاتیکردووەتەوە، بەسەرەتا بەهێزەکەی خۆی و یانەکەی شۆک نییە، لەبەرئەوەی پێشبینی سەرەتایەکی لەو شێوەیەی دەکرد، پاش ئەو کارە زۆرەی لە ماوەی رابردوودا ئەنجامیداوە.

رافینیا دەڵێ، یارییکردن وەک هێرشبەری سەرەڕم، ئەزموونێکی نوێ بووە بۆ ئەو، روونیکردووەتەوە کە ئەو لە کاروانی خۆیدا، بەو شێوەیە لەو شوێنەدا بەبەردەوامی یاریی نەکردووە، بەڵام بەزوویی لەگەڵ دۆخەکە راهاتووە و دەزانێت داواکارییەکانی هانزی فلیکی راهێنەر چین.

هێرشبەرە بەرازیلییەکە دووپاتیدەکاتەوە، راهێنەرەکەی لە کوێ پێویستی پێی بێت، ئامادەیە لەوێدا یاریی بکات.

رافینیا دووپاتیکردووەتەوە کە هانزی فلیک رۆڵی گەورەی هەبووە لە گۆڕین و گەشەپێدانی تواناکانی ئەو.

رافینیا هەروەها باسی باڵۆندۆری کردووە و دەڵێ ژمارە و ئاستی لامین یامال وادەکات، ئەو شایستەترینی ئەو خەڵاتە بێت.

دووپاتیدەکاتەوە، ئەگەر خەڵاتەکە دادپەروەرانە بێت، دەبێ بۆ لامین بێت. هەروەها لەبارەی قسەکانی کیلیان ئێمباپێوە کە خۆی بەشایستەترین دادەنێت بۆ خەڵاتەکە، رافینیا دەڵێ، "کیلیان؟ باڵۆندۆر بۆ لامینە".

کاپتنەکەی بارسا لەبارەی تێپەڕاندنی ژمارەکانی مێسییەوە لەسەرەتای وەرزی لالیگا دەڵێ، ئەو شێتانەیە، بەڵام مێسی هەر باشترینی مێژووە.

دووپاتیشی دەکاتەوە، بارسا ئەمساڵ چاوی لەسەرجەم نازناوەکانە، باشترین رێگاش بۆ ئەوە، بەردەوامبوونە لەسەر ئەو ئاستەی کە پێشکەشی دەکات.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە