رافینیا، مێسی تێپەڕاند و فلیک نەیهێشت رۆناڵدۆش لەناوببات

10   کاتژمێر پێش ئێستا  89 جار خوێنراوەتەوە

رافینیا، ئەستێرەی بەرازیلیی یانەی بارسێلۆنا بەتۆمارکردنی هاتریک لە سێڤییا ریکۆردێکی لیۆنێل مێسی ئەفسانەی بارسا دەشکێنێت و هانزی فلیکی راهێنەری ناهێڵێت ریکۆردەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەفسانەی پۆرتوگالی بشکێنێت.

رافینیا نزیکە لە درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا، بۆ ئەوەی تاوەکو ساڵی 2030 لە یانەکەدا بمێنێتەوە، دانوستاندنەکان بەشێوەیەکی ئەرێنی بەرەوپێش دەچن، وەک ئەوەی دیکۆ لە کۆبوونەوەی گشتی یانەکەدا رایگەیاند، شانبەشانی هەوڵەکان بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی چاڤی ئێسپارت و مارک بێرناڵ.

ئەم راگەیاندنە هاوکات بوو لەگەڵ ئاستێکی دیکەی سەرنجڕاکێشی رافینیا، کە لە یارییەکەی گەڕی حەوتەمی خولی ئیسپانیا هاتریکی بەرامبەر سێڤییا تۆمارکرد. ئەمەش ژمارەی گۆڵەکانی لەم وەرزەدا لە خولەکەدا گەیاندە 12 گۆڵ، ئەمەش پێگەی خۆی وەک یەکێک لە یاریزانە سەرەکییەکانی بارسێلۆنا لە سەرەتای دەستپێکردنی وەرزەوە بەهێزترکرد.

بەپێی زانیارییەکانی ئۆپتا، رافینیا لە یەکەم حەوت یاریی وەرزێکدا لە سەدەی بیست و یەکەمدا ژمارەی گۆڵەکانی لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی تێپەڕاندووە. تاکە یاریزان لە پێش ئەوەوە لەم رووەوە کریستیانۆ رۆناڵدۆیە، کە لە وەرزی 2014-2015 توانی 13 گۆڵ لە 7 گەری یەکەمی لالیگادا بۆ ریال مەدرید تۆماربکات. رافینیا دەیتوانی ریکۆردی ئەستێرە پۆرتوگالییەکە یەکسان بکاتەوە یان بشکێنێت، بەڵام لە خولەکی 76 بەبڕیاری هانزی فلیکی راهێنەر گۆڕانکاری پێکرا و ریکۆردەکە هەر لای کریستیانۆ رۆناڵدۆ مایەوە.

رافینیا  ئێستا چێژ لە باشترین فۆڕمی خۆی وەردەگرێت لەوەتەی پەیوەندی بە یانەی بارسێلۆناوە کردووە، بەسەرکەوتوویی خۆی لەگەڵ رۆڵی نوێی خۆیدا گونجاندووە وەک 'هێرشبەرێکی ساختە'. تەنیا لە یەک یاریی خولەکەدا نەیتوانیوە گۆڵ تۆمار بکات، ئەویش بەرامبەر لیڤانتی. لەهەمانکاتدا لانیکەم جارێک لە هەموو یارییەکی دیکەدا تۆڕی گۆڵەکەی بەرامبەری هەژاندووە و لە دوو یاری لەسەریەکدا هاتریکی بەدەستهێناوە.

بارسێلۆنا دەیەوێت کاپتنەکەی بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بهێڵێتەوە، رافیناش رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی. ئەو هەست بە ئاسوودەیی دەکات لە یانەکە و لە شارەکەدا، هەروەها ئاواتەکانی خۆی هەیە بۆ بەردەوامبوون لە گەشتەکەی لەگەڵ تیپی کەتەلۆنی و تەنانەت وازهێنان بە درێسی بارسێلۆناوە.

دانوستاندنەکان لە چەند رۆژی رابردوودا چڕتر بوونەتەوە، دیکۆ دڵنیایی داوەتە ئەنجوومەنی گشتی کە رێککەوتنەکە بەپێی پلان بەڕێوەدەچێت؛ رێککەوتنی روونی نێوان هەردوو لایەنەکە رێگە خۆشدەکات بۆ ئەوەی رافینیا تاوەکو هاوینی ساڵی 2030 لە یانەی بارسێلۆنا بمێنێتەوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە