گرێبەستەکانی واشنتن کێشەی مووچەی هەرێم چارەسەر دەکات؟
2025-05-21
690 جار خوێنراوەتەوە
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم واژۆ کردنی دوو گرێبەستی بە قەبارەی ١١٠ ملیار دۆلار لە واشنتنی پایتەختی ئەمریکا راگەیاند ئەوەش کاردانەوەی حکوومەتی فیدڕالی عێراقی بەدوای خۆی هێنا و مەترسی دەکرێت کێشە بۆ مووچەی فەرمانبەران دروست بکات.
وەزارەتی نەوتی حکوومەتی فیدڕاڵ لە راگەیەندراوێکدا نایاسایی و نادەستووری بوونی گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی راگەیاند و جەختی لەوەکردەوە لە روانگەی بڕیاری دادگای فیدڕاڵیەوە ئەو گرێبەستانە هەڵوەشاوەن.
بە گوێرەی گرێبەستەکان، وەبەرهێنان لە ١٢٠ ترلیۆن پێ سێ جا غازی سروشتی لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەکرێت کە وا بڕیارە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بەکاربهێنرێت.
هاوشێوەی تەواوی دۆسیەکانی دیکە هەر زوو دەنگی نیگەرانی و ناڕەزایی دژی ئەوگرێبەستانە بەرزبوویەوە، بەوپێیەی بەهۆی ئەو ئەزموونە خراپەی هاووڵاتیان لەگەڵ پرسی نەوت هەیانبووە کە بەهۆیەوە دەیان ملیار دۆلار قەرز هێنراوەتە سەر خەڵکی هەرێم! ترسی ئەوە هەیە هەمان ئەزموون لە پرسی غازیشدا دووبارە بێتەوە.
هەر دوو گرێبەستەکە نوێ نین و پێشتریش دراونەتە کۆمپانیای دیکە بەڵام ئێستا دوو کۆمپانیای ئەمریکی کاریان تێدا دەکەن، ئەوەش لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە کە لە راگەیەندراوێکدا وەک وەڵامێک بۆ وەزارەتی نەوت بڵاویکردەوە بە روونی هاتووە.
گرێبەستەکان لەلایەک پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا ئاڵۆز دەکەن، لەلایەکی دیکە رێککەوتنی ژێر بە ژێری پارتی و یەکێتی لەسەر غاز ئاشکرا دەکەن.
کێڵگە غازییەکانی هەرێمی کوردستان کەوتوونەتە ناو زۆنی سەوزەوە و لەژێر ناوچەکانی قەڵەمڕەوی یەکێتیدان.
سەرەڕای ئەوەی سەرۆکی یەکێتی بەڵێنی ئەوەی دابوو کە رێگە نادات هاوشێوەی دۆسیەی نەوت دۆسیەی غازیش بکەوێتە دەست پارتی، بەڵام گرێبەستەکان ئەنجامێکی پێچەوانەی نیشاندا.
هەرچی بێت، مووچە و قوتی خەڵکی کوردستان جارێکی دیکە کەوتووەتەوە مەترسی و پێشبینی دەکرێت عێراق بە بیانووی ئەو گرێبەستانەوە کێشە بۆ رەوانەکردنی پارە دروست بکاتەوە.
لە بەرانبەریشدا هەرێم سەرەڕای بەرهەمهێنانی ٣٧٥ هەزار بەرمیلی رۆژانە بەڵام ئامادە نیە داهاتەکەی بۆ خەزێنەی گشتی بگەڕێنێتەوە، بۆیە دۆخێکی تەمومژاوی چاوەڕوانی مووچەخۆرانی هەرێم دەکات.
جیا لە کێشەی مووچە پێشبینی دەکرێت گفتوگۆکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بباتەوە خاڵی سەرەتا و ئەوەندەی دیکە دوای بخات.
|