راپۆرتی سەرپەرشتیاری یاریی نێوان دهۆک و هەولێر لەبارەی شەڕەکەوە

4   کاتژمێر پێش ئێستا  95 جار خوێنراوەتەوە

لیژنەی رێککاریی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، لەبارەی رووداوەکانی کلاسیکۆی کوردستان، لەنێوان هەردوو یانەی دهۆک و هەولێر کۆدەبێتەوە و چاوەڕواندەکرێت ئەمڕۆ سزای هەردوو یانە بەفەرمی رابگەیێنرێت.

ئەمڕۆ لیژنەکە کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدەدات و هەموو بەڵگەکانی هەردوو یانە و راپۆرتی سەرپەرشتیاری یارییەکە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت و دواتر بڕیار لەبارەی ئەو دوو یانە کوردستانییەوە دەدرێت.

راپۆرتی سەرپەرشتیاری یارییەکە دەست 'رووداو سپۆرتس' کەوتووە و تێیدا هۆکارەکانی دروستبوونی گرژی و شەڕ لە دوای یارییەکە رووندەکاتەوە.

لە سەرەتای راپۆرتەکەدا نووسراوە، سەرەڕای ئەو هەوڵە گەورەیەی بەرپرسی ئاسایش و رێکخەری ئاسایشی یارییەکە سەگڤان ئەنوەر بۆ چاودێریکردنی ورد و بەردەوام هەیانبووە، دۆخەکە لەژێر کۆنتڕۆڵ ماوەتەوە لەکاتێکدا زیاتر لە 36 هەزار هاندەر لە یاریگا ئامادەبوون، بەڵام دوای چەند خولەکێکی کەم لە کۆتاییهاتنی یارییەکە گرژی و ئاڵۆزی روویداوە.

سەرپەرشتیاری یارییەکە لە راپۆرتەکەدا نووسیوویەتی "ئەم راپۆرتە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ رێکخەری ئاسایش موقەدەم سەگڤان ئەنوەر و فەرماندەی هێزی ئاسایش عەقید ئاوار عیسا نووسیووە سەبارەت بەو رووداوانەی لە یاریی نێوان دهۆک و هەولێردا روویاندا. یارییەکە بە ئامادەبوونی هاندەرێکی زۆر بەڕێوەچوو، کە لە نێویاندا ژمارەیەکی زۆریان هاندەری یانەی هەولێر بوون. لە سەرەتاوە تاوەکو خولەکی 30ـیی فیکەی ناوبژیوان هاندان و کەشوهەوای یاریگاکە باش بوو، تاوەکو نزیکەی دوو خولەک دوای تەواوبوونی یارییەکەش دۆخەکە بە تەواوی باش و لەژێر کۆنترۆڵدا بوو".

لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هاتووە، "سەرەتای ئاڵۆزییەکان لەلایەن یاریزانی پیشەگەری هەولێر ژمارە (9) (میولێن ناتا) دەستی پێکرد، کاتێک درێسەکەی داکەند و بە ئاراستەی هاندەرانی دهۆک بەرزیکردەوە، کە ئەمەش کاردانەوەی هاندەرانی دهۆکی لێکەوتەوە بە گوتنەوەی دەستەواژەی (چیس چیس هەولێر(، هەروەها بووە هۆی کاردانەوەی هاندەرانی هەولێر بە دروشمی بەرامبەر، لەگەڵ شکاندنی کورسی لەو شوێنانەی بۆ هاندەرانی هەولێر تەرخان کرابوون و فڕێدانیان بۆ ناو یاریگا و هاتنەخوارەوەی بەشێک لە هاندەرانی هەولێر بۆ ناو یاریگا و هەروەها هاتنەخوارەوەی بەشێک لە هاندەرانی دهۆک بۆ ناو گۆڕەپانی یاریگاکە ئەمەش بووە هۆی دەمەقاڵێ و گرژی لە نێوان هاندەراندا."

وەک راپۆرتەکە دەڵێ، "لەو کاتەدا هێزە ئاسایشپارێزەکان دەستوەردانیان کرد، بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و دەستبەسەرکردنی ئەو سەرپێچیکارانەی هاتبوونە ناو گۆڕەپانی یاریگا و سەرەڕای ئەوەش، دۆخەکە بەرەو ئەوە دەڕۆیشت کە لەلایەن هێزە ئاسایشپارێزەکانەوە کۆنترۆڵ بکرێت. بەڵام هاتنەخوارەوەی یەکێک لە کارگێڕانی هەولێر بە ناوی (جێماو کاڕەش)، کە چووە لای هاندەرانی هەولێر و هانی دان بۆ گوتنەوەی دروشمی نەشیاو، هۆکاری سەرەکیی ئاڵۆزبوونی دۆخەکە بوو. هەروەها بەشێک لە هاندەرانی هەولێر دوای شکاندنی دەرگای کۆگاکانی ناو یاریگا، کۆگاکەیان سووتاند".

لە درێژەی راپۆرتی سەرپەرشتیارەکەدا هاتووە، "ئەم رووداوانە درێژەیان کێشا دوای ئەوەی یەکێک لە هاندەرانی هەولێر هێرشی کردە سەر یەکێک لە کارمەندانی هێزەکانی ئاسایش و هەوڵی هێرشکردنیدا؛ بۆیە هێزەکان هەوڵی دەستگیرکردنیاندا، بەڵام چووە ناو ژووری جلگۆڕینی یانەی هەولێر و یاریزانان و کارگێڕانی هەولێر رێگایان نەدا هێزە ئاسایشپارێزەکان ئەو هاندەرە دەستگیربکەن. بەڵام هێزە ئاسایشپارێزەکان سووربوون لەسەر دەستگیرکردنی، کە ئەمەش رۆیشتنی شاندی یانەی هەولێری دواخست".

بەشێکی دیکەی راپۆرتەکە دەڵێ، "دوای دەرکردنی هاندەرانی دهۆک لە یاریگا، هێزەکان تەواوی هاندەرانی هەولێریان لە پەیژەکانەوە هێنایە خوارەوە بۆ ناو گۆڕەپانی یاریگا و پاراستنیان بۆ دابینکردن تاوەکو کاتی دەرچوونی تەواوی هاندەرانی دهۆک لە دەوروبەری یاریگاکە".

سەرپەرشتیاری یارییەکە لە راپۆرتەکەیدا نووسیوویەتی "دوای دەستوەردانی ئەرێنیی سەرۆکی یانەی دهۆک، دکتۆر عەبدوڵڵا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نێوان هێزەکانی ئاسایشپارێز و ئەو کەسەی لە ناو ژووری جلگۆڕینی یانەی هەولێردا بوو بە چاوپۆشیکردن لێی، پاش چەندین هەوڵ، چاوپۆشی لەو کەسە کرا. هەروەها جێی ئاماژەیە کە بەڕێز مەحموود عەزیز، سەرپەرشتیاری یانەی هەولێر رۆڵێکی ئەرێنیی هەبوو بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی روویاندا، بە پێچەوانەی کارگێڕیی یانەی هەولێر بەڕێز (جێماو کاڕەش)، کە رۆڵی نەرێنیی هەبوو و بگرە یەکێک بوو لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئاڵۆزبوونی دۆخەکە".

لە کۆتایی راپۆرتەکەدا، سەرپەرشتیار نووسیویەتی، "پاش تێپەڕبوونی نزیکەی 120 خولەک دوای کۆتاییهاتنی یارییەکە، دۆخەکە بە سەلامەتی کۆنترۆڵ کرا بە دەرچوونی هاندەرانی هەولێر بە سەلامەتی و هەروەها شاندی یانەی هەولێر بە یاوەریی هێزە ئاسایشپارێزەکان. بەداخەوە لە هێزەکانی ئاسایش هەندێک بریندار هەبوون لە ئەنجامی فڕێدانی کورسی و بەرکەوتنی نێوان هاندەرانی هەولێر و هێزەکانی ئاسایش. هەروەها بەداخەوە لە هاندەرانی هەولێریشدا هەندێک بریندار هەبوون لە دەرئەنجامی ئەو بەرکەوتنانە".

سەرپەرشتیارەکە لەبارەی رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە شەڕ و ئاژاوانە، دەڵێ "پێشنیازەکانم ئەوەیە کە یەکێتیی تۆپی پێ بڕیارێک دەربکات، لەپێناو پاراستنی سەلامەتیی هاندەران و بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئەم رووداوە دڵتەزێنانە لە یارییەکانی داهاتوودا. پێشنیازەکە ئەوەیە کە: ئەگەر یارییەکە لە یاریگای هەولێر بوو لەگەڵ دهۆک، هاندەرانی دهۆک ئامادەی یاریگای هەولێر نەبن، و بە پێچەوانەشەوە لەو یارییەی لە یاریگای دهۆک ئەنجام دەدرێت، هاندەرانی هەولێر ئامادەی یاریگای دهۆک نەبن".


   ئەمانەش بخوێنەرەوە