سەرەڕای نەدانی مووچە، حکوومەت بەشێکی مووچەی فەرمانبەران دەبڕێت

2025-06-03  407 جار خوێنراوەتەوە

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە گشتاندنێکدا ئاشکرای کرد، بڕی سەدا٣ی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان بۆ ماوەی دە ساڵ دەبڕێت لە کاتێکدا بەشێکی زۆری مووچەی ئەو ساڵانەی نەداوە بە فەرمانبەران.

گشتاندنەکە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بڵاوکرایەوە و رایگەیاندووە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق پێویستە ئەوانەی لە ساڵی ٢٠١٤ ەوە خانەنشین بوون ئەو بڕە پارەیان لێ وەربگیرێتەوە.

بڕیارەکە تەنیا خانەنشینان ناگرێتەوە و فەرمانبەرانی ئێستاش دەگرێتەوە، فەرمانبەران لە ماوەی ئەو ١٠ ساڵەدا چەند پارەی کەڵەکەبوویان لەسەر بێت بە شێوەی قیست مانگانە لێیان دەبڕدرێت.

بە گوێرەی بڕیارەکە ئەو مانگانەی کە فەرمانبەران و خانەنشیان مووچەیان تێیدا وەرنەگرتووە وەک ئەوە بۆیان هەژمار دەکرێت کە مووچەیان وەرگرتبێت و پارەیان لەسەری لێ وەردەگیرێتەوە.

بڕیارەکە لە چوارچێوەی زیادکردنی مووچەی خانەنشیاندایە بەڵام حکوومەتی هەرێم ئامادە نەبووە ئەو لێ بڕینە بگرێتە ئەستۆی خۆی و لە مووچەخۆرانی دەبڕێت.

بە گوێرەی ئەو داتایانەی بڵاوکراونەتەوە حکوومەتی هەرێم ٣٣ مووچەی فەرمانبەران قەرزارە یان بە پاشەکەوت کراوی دابەشی کردووە.

بە گوێرەی گشتاندنەکە دەبێت فەرمانبەران و خانەنشیان پارەی ئەو ٣٣ مووچەیە بگێڕنەوە بۆ حکوومەتی هەرێم لەکاتێکدا مووچەکانیان وەرنەگرتووە.

ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە، ساڵی رابردوو مووچەیەکی فەرمانبەران و ساڵی پێشوتریش سێ مووچەی فەرمانبەران فەوتان بەوەش تەنیا لەو دوو ساڵەدا حکوومەتی هەرێم ٣ ترلیۆن دیناری فەرمانبەران و خانەنشیان قەرزارە کەچی ئامادە نیە ئەو بڕە پارەیە بۆ فەرمانبەران خەرج بکات و لەسەر مووچەکانیان دەیبڕێت.

جیا لەوە، لە ئێستادا بەهۆی ئەو گرێبەستانەی حکوومەتی هەرێم بەمدواییانە ئەنجامی داوەن رەوانە کردنی پارە لە بەغداوە راگیراوە ئەوەش وایکردووە دیار نەبێت کەی مووچەی فەرمانبەران دابەش بکرێت.

حکوومەتی هەرێم ئەمە یەکەمجاری نیە پارە لە مووچە خۆران وەربگرێتەوە بەڵام ئامادەنەبێت ئەو قەرزانەی کەوتوونەتە سەر شانی بۆ فەرمانبەرانی بگێڕێتەوە.

بڕی ئەو پارەیەی کە حکوومەت قەرزاری فەرمانبەرانی هەرێمە دەگاتە سەر و ٣٣ ترلیۆن دینارحکوومەتی هەرێم نەک هەر ئامادە نیە بۆ فەرمانبەرانی خەرج بکاتەوە تەنانەت لە بری رسوماتەکانی ئاو و کارەباش هەژماری ناکات.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە