پێرێز لەپێناو یاریزانێکیدا دووجار یاسای زێڕینی ریال مەدرید دەشکێنێت
6 کاتژمێر پێش ئێستا
37 جار خوێنراوەتەوە
فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید دەیەوێت یاسا زێڕینەکەی ریال مەدرید دووجار بشکێنێت لەپێناو هێشتنەوەی ئەستێرەیەک لە ریزەکانی ریال مەدریددا، کە پێشتر ئەوەی بۆ هیچ ئەفسانەیەکی یانەکەی نەکردووە.
لە هەنگاوێکی نائاساییدا لەناو ریزەکانی یانەکەدا، فلۆرێنتینۆ پێرێز بەشێوەیەکی کەسی کار دەکات بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی تیبۆ کۆرتوای گۆڵپارێزی بەلجیکیی یانەکەی، سەرەڕای ئەوەی تەمەنی لە سەرووی 30 ساڵە. ئەمەش ئاماژەیەکی روونە بۆ ئەو پێزانینە گەورەیەی کە نیشانی دەدات بۆ بەشدارییەکانی لە سەرکەوتنەکانی یانەکەدا لە ساڵانی رابردوودا.
بڕیارەکە ئاماژەیەکی بەهێزە بۆ پێگەی یاریزانەکە لەنێو یانەکەدا و پشتڕاستی دەکاتەوە کە خۆبەخشی و دیسیپلین دەتوانن بەسەر تەمەندا سەرکەون کاتێک باس لە ریال مەدرید دەکرێت.
لە ریال مەدرید یاسایەکی زێڕین هەیە هەر یاریزانێک ئەگەر ئەفسانەی یانەش بێت، تەمەنی بگاتە 30 ساڵ یانەکە ناتوانێت لە ساڵێک زیاتر گرێبەستی بۆ نوێ بکاتەوە، واتا دەکرێت ساڵێکی بۆ نوێ بکرێتەوە و دوای کۆتاییهاتنی ئەو ساڵە جارێکی دیکە ساڵێکی دیکەی بۆ نوێبکاتەوە ئەگەر یانەکە پێویستی پێبێت. هەروەها دەبێت مووچەکەیسی کەم بکرێتەوە.
ریال مەدرید پێشتر یاسای زێڕێنی بۆ ئەفسانەکانی نەشاکاندووە و بەو هۆیەوە نارچابوونە لە مێرینگێ بڕۆن، لەوانەش ئیکەر کاسیاس، سێرخیۆ رامۆس، راول گۆنزالێس و چەندانی دیکەش.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی نزیک لە ژووری جلگۆڕینی ریال مەدرید، فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆک سوورە لەسەر شاکندنی یاسا زێڕینەکەی ریال مەدرید لەپێناو هێشتنەی کۆرتوا بۆ ماوەیەکی زیاتر لە یانەکەی.
ئەو سەرچاوانە دەڵێن "ریال مەدرید بەفەرمانی پێرێز هەنگاو دەنێت بۆ پاداشتکردنی ئەستێرە بەلجیکییەکەی تیبۆ کۆرتوا بەگرێبەستێکی نوێ".
ماوەی گرێبەستەکەی ئێستای کۆرتوا لەمانگی حوزەیرانی 2026 کۆتایی دێت، دوای ئەوەی لە مانگی ئابی 2021 بۆ ماوەی پێنج ساڵ نوێیکردەوە، بەڵام سەرۆکی ریال مەدرید ئەو گۆڵپارێزە بە کۆڵەکەی تیپەکەی دەزانێت، بۆیە دەیەوێت گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە.
گۆڵپارێزە تەمەن 33 ساڵەکە لەوانەیە بۆ ماوەی دوو وەرز گرێبەستەکەی لەگەڵ لۆس بلانکۆس درێژبکاتەوە، بەمەش تاوەکو مانگی حوزەیرانی 2028 لەگەڵ مێرینگێ دەمێنێتەوە.
لەهەمان کاتیشدا پێشبینی دەکرێت ریال مەدرید بەپێی گرێبەستە نوێیەکە، مووچەی ساڵانەی کۆرتوا کەم نەکاتەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە یەکێکە لەو یاریزانانەی کە زۆرترین مووچەی هەیە لە ریال مەدرید و داهاتەکەی نزیکەی 15 ملیۆن یۆرۆیە، کە ئەمەش نموونەیەکی دیکەیە بۆ شکاندنی یاسای مێرێنگێ بۆ یاریزانانی تەمەن سەروو 30 ساڵی.
|