ڤــایــرۆسی جـگـەر چییە و مەترسییەكانی كامانەن؟

4   کاتژمێر پێش ئێستا  25 جار خوێنراوەتەوە

ڤایرۆسی جگەر بە یەکێک لە نەخۆشییە هەرە مەترسیدارەکان دادەنرێت و ئەگەر لەکاتی پێویست چارەسەری گونجاو بۆ کەسی توشبوو نەکرێت دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی.

د. سەرکەوت ڕەئوف پزیشکی پسپۆڕی وورد لە نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەرس و جگەرو هەناوبینی لە نووسینێكدا ئاماژە بە ڤایرۆسی جگەر دەكات.

دەقی نووسینەكەی:-

ڤایرۆسی جگەر بە یەکێک لە نەخۆشییە هەرە مەترسیدارەکان دادەنرێت و ئەگەر لەکاتی پێویست چارەسەری گونجاو بۆ کەسی توشبوو نەکرێت دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی.

ئەم نەخۆشییە بۆیە بە مەترسیدار دادەنرێت، دەبێتە هۆی هەوكردنی درێژخایەن یاخود مرۆڤ توشی مەترسی گیان لەدەستدان دەکات بەهۆی شیبوونەوەی جگەر یان توشبوونی بە شێرپەنجەی جگەر.

نیشانەكانی هەوكردنی ڤایرۆسی جگەر چییە؟

لە هەندێک کات نیشانەکانی نەخۆشی ڤایرۆسی جگەر دیاریکراو نییە، بەڵام هەندێك نیشانەی سەرەكی هەیە، كە بریتین لە:

یەكەم- بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جەستە و ئارەق كردنەوە.

دووەم- ئازاری ئێسك و ماسولكە.

سێیەم-ئازار لەبەشی سەروەی لای ڕاستی سك.

چوارەم- دڵ تێكەڵهاتن و ڕشانەوە.

پێنجەم- بێ‌ هێزی و كەمبوونەوەی توانای خواردن.

شەشەم- ڕەنگی میز دەگۆرێت بۆ ڕەنگی تۆخ.

هاوکات ئەم نەخۆشییە ڤایرۆسییە لە یەکێکەوە بۆ یەکێکی تر دەگوازرێتەوە، نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە و بە چەند ڕێگە و شێوازێک دەگوازرێتەوە لەوانە:

گواستنەوەی لە دایكەوە بۆ كۆرپەلە لەكاتی لەدایكبوون یان لەماوەی دووگیانیدا.

پەیوەندی نزیك لەگەڵ كەسی تووشبوو بەم ڤایرۆسە، چونكە ڤایرۆسەكە توانای گواستنەوەی هەیە.

بەكارهێنانی دووبارەی‌ دەرزی و ئامێرە پزیشكییە پیسبووەكان بەم ڤایرۆسە بەتایبەتی دەرزی.

توشبوون بەئایدز و لاوازبوونی سیستمی بەرگری لەش.

بەهۆی داهێنانەكانی بواری پزیشكی لەئێستادا كوتان دژی ڤایرۆسی هەوكردنی جگەر هەیە و بەهۆی وەرگرتنی ڤاكسینەوە دەتوانرێت تاڕێژەی %٩٥ ڕێگە لەم نەخۆشییە بگیرێت، بۆیە پێویستە ئەو كەسانەی مەترسی توشبوونیان لێدەكرێت ڤاكسین وەربگرن بەتایبەتی ئەوانەی لەناوەندە تەندروستییەكان كاردەكەن.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە